تاران سزای لەسێدارەدانی بەسەر "سیخوڕێکی مۆساد"دا جێبەجێ کرد: وێنە و زانیاریی فرۆشتووە

دیمەنێکی شەقامێکی سەرەکی بەرەو گۆڕەپانی ئازادیی ئەو شارە
دیمەنێکی شەقامێکی سەرەکی بەرەو گۆڕەپانی ئازادیی ئەو شارە

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی بەسەر کەسێکدا ڕاگەیاند کە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل و هاوکاریکردنی دەزگای هەواڵگریی مۆساد دەستگیر کرابوو. ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی ناوخۆی وڵاتەکەی گرتووەتەوە و بەرپرسان هۆشداریی توند دەدەن.

تۆمەتەکان: وێنە بەرامبەر دراوی دیجیتاڵی

ئاژانسی هەواڵی "میزان"، زمانحاڵی دەسەڵاتی دادی ئێران بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2026، سزای لەسێدارەدان بەسەر "عەلی ئەردەستانی"دا جێبەجێ کراوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەردەستانی تۆمەتبار کرابوو بە کۆکردنەوەی زانیاری و گرتنی وێنە لە ناوخۆی ئێران و ناردنیان بۆ دەزگای هەواڵگریی مۆساد. ئاماژە بەوەش کراوە کە ناوبراو لەبەرامبەر هەر ئەرکێکدا کە جێبەجێی کردووە، بڕێک "دراوی دیجیتاڵی" لە مۆساد وەرگرتووە. دەسەڵاتی داد جەختی کردووەتەوە کە دوای تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و دانپێدانانی تاوانبار، بڕیارەکە جێبەجێ کراوە.

لەسێدارەدان لە گەرمەی ناڕەزایەتییەکاندا

ئەم ڕووداوە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران کە زیاتر لە 10 ڕۆژە دەستیپێکردووە. بەرپرسانی باڵای تاران بەردەوام هۆشداری لە دەستوەردانی دەرەکی دەدەن و هەوڵ دەدەن پەیوەندییەک لەنێوان ناڕەزایەتییەکان و وڵاتانی دەرەوە دروست بکەن.

لەم چوارچێوەیەدا، موحسین موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران بە زمانی هەڕەشەوە ڕایگەیاندبوو: "ئەمجارە هیچ بەزەییەکیان بەرامبەر بە ئاژاوەگێڕان نابێت و دەسەڵاتی داد لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان هاوکار دەبێت بۆ سزادانیان".

نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانیی خۆیان لە بەرزبوونەوەی ئاماری لەسێدارەدان لە ئێران دەربڕیوە. نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ساڵانی دواییدا ڕێژەی سزای لەسێدارەدان لەو وڵاتە زیادیکردووە و تاران ئەم سزایە وەک "ئامرازێک بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵک" بەکاردەهێنێت.

هاوکات ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International) ئێرانی لە پلەی دووەمی ڕیزبەندیی ئەو وڵاتانە داناوە کە زۆرترین سزای لەسێدارەدانیان تێدا جێبەجێ دەکرێت، کە تەنها لە دوای وڵاتی چینەوە دێت.