گومرگی عێراق: بەهۆی سیستمی "ئەسیکۆدا"وە داهات بۆ 10 تریلیۆن دینار بەرزدەبێتەوە

لۆگۆی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق
لۆگۆی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق

دەستەی گومرگی عێراق پێشبینییەکی گەشبینانە بۆ داهاتی داهاتووی وڵات دەخاتەڕوو و ڕایدەگەیەنێت، بە جێبەجێکردنی تەواوەتیی سیستمی ئەسیکۆدا و پابەندبوون بە پێناسە گومرگییەکان، داهاتی دەروازەکان بازدانێکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و پێشبینی دەکرێت بگاتە سەرووی 10 تریلیۆن دینار.

بازدانێکی پێوانەیی لە داهاتدا

ئەحمەد جاسم، سەرۆکی بەشی دیاریکردنی بەها لە دەستەی گومرگی عێراق ئامارەکانی ساڵی ڕابردووی خستەڕوو و ڕایگەیاند، داهاتی دەروازەکانی عێراق لە ساڵی 2025ـدا گەیشتووەتە 2 تریلیۆن و 5 ملیۆن دینار، کە ئەمەش بۆ یەکەمجارە داهاتی دەروازەکان بگاتە ئەو ئاستە بەرزە.

بەرپرسەکەی گومرگ ئاماژەی بەوەش دا، بە تەنها پابەندبوون بە پلانە ئاساییەکان داهات دەگاتە 3 تریلیۆن، بەڵام بە جێبەجێکردنی تەواوەتیی سیستمی ئەسیکۆدا، پێشبینی دەکەن داهاتەکان 4 بۆ 6 هێندە زیاد بکەن و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 بگاتە زیاتر لە 10 تریلیۆن دینار.

ئەسیکۆدا؛ کۆتاییهێنان بە گەندەڵیی مرۆیی

ئەسیکۆدا (ASYCUDA) سیستمێکی جیهانییە و ڕاستەوخۆ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چاودێری دەکرێت و ئامانج لێی کۆنترۆڵکردنی پارەدان و بەستنەوەی داهاتی دەروازەکانە بە بانکی ناوەندییەوە. عێراق لە 1ی حوزەیرانی 2024ـەوە دەستی بە کارکردن بەم سیستمە کردووە.

تایبەتمەندیی سەرەکیی سیستەمەکە ئەوەیە کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی باجی گومرگی هەژمار دەکات، زانیارییە نوێیەکان لەگەڵ کۆنەکان یەکدەخات و هەموو رسوماتەکان کۆدەکاتەوە، بەمەش دەسەڵاتی دەستکاریی مرۆیی و گەندەڵیی دارایی بۆ نزمترین ئاست کەم دەکاتەوە.

دۆخی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان

سەبارەت بە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا 6 دەروازەی وشکانی و ئاسمانیی فەرمی ناسێنراون کە بریتین لە: فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، لەگەڵ دەروازە وشکانییەکانی (ئیبراهیم خەلیل، پەروێزخان، باشماخ و حاجی ئۆمەران).

هاوکات ژمارەیەک دەروازەی دیکەی وشکانی هەن کە جموجۆڵی بازرگانییان تێدایە و سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگاکانن وەک (سەیرانبەن، کێلێ، شوشمێ، پێشخابوور و سەرزین). هەرچەندە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ نووسراوی فەرمیی بۆ بەغداد کردووە تا وەک دەروازەی نێودەوڵەتی بیانناسێنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ڕەزامەندیی لەسەر نەداوە.