ئەحمەد سەحاف: 151 کۆچبەر لە لیبیاوە دەگەڕێنرێنەوە؛ فڕۆکەیان بۆ تەرخانکراوە

ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا
ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا

باڵیۆزخانەی لیبیا لە عێراق دەڵێت، ڕێکار و مامەڵەی گەڕاندنەوەی 151 کۆچبەری عێراقی لە لیبیا تەواو بووە و ڕاشیگەیاندووە، سەرۆکوەزیران ڕەزامەندی داوە لەسەر تەرخانکردنی فڕۆکەیەک بۆ گەڕاندنەوەیان.

151 کۆچبەر

ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ڕایگەیاند، سەرجەم مامەڵەی گەڕاندنەوەی 151 هاوڵاتیی عێراقی لە لیبیا تەواوبووە و گوتیشی، لەسەر داواکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ناویاندا وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا پێشنیازێکیان کردووە بۆ تەرخانکردنی فڕۆکەیەک بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانەی ئێستا لە لیبیا گیریان خواردووە.

ڕەزامەندی بۆ دابیکردنی فڕۆکە

کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی دووبارەبوونەوەی حاڵەتەکانی گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە لیبیا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕەزامەندیی داوە لەسەر پێشنیازیی تەرخانکردنی فڕۆکەیەک بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرەکان بۆ عێراق.

لەسەر خواستی خۆیانە

ئەحمەد سەحاف دەڵێت، گەڕانەوەی کۆچبەران لەسەر خواستی خۆیانە و ئەوان سەرجەم پێداویستییەکانی خواردن و پۆشاک و مانەوەیان بۆ دابین کردوون ئەوەش لە چوارچێوەی پتەوکردنی گەڕانەوەی خۆبەخشانە و پاراستنی گەنجان لە دەستی گرووپەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ.

هەفتەیەک هەواڵی کۆڕەکانیان نازانن

دوێنێش لە ڕانیە ژمارەیەک کەسوکاری کۆچبەران لە لیبیا گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، ماوەى هەفتەیەکە هیچ هەواڵێکیان لە کوڕەکانیان نییە، کەسوکاری ئەو کۆچبەرانە دەڵێن، بەرپرسیاریەتیى گیانی ئەو کۆچبەرانە لە ئەستۆى قاچاخچییەکاندایە.

لەلایەن قاچاخچییەکانەوە دەستبەسەرکراون

ئەوە لە کاتێکدایە، لیبیا ڕێگەیەکی گەرمی کۆچبەرانە بۆ کۆچکردن بۆ وڵاتانی ئەورووپا و لە ماوەی ڕابردوودا سەدان کۆچبەر لەو وڵاتە گیریان خواردووە و بەشێکیان لەلایەن قاچاخچییەکانەوە دەستبەسەرکراون و مامەڵەیەکی خراپیان لەگەڵدا کراوە و کۆچبەران کە بەشێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ئەو وڵاتە، داوای گەڕاندنەوە دەکەن و لە ماوەی ڕابردوودا سەدان کۆچبەر لە لیبیا گەڕێندراونەتەوە عێراق.