ژووری بازرگانیی سلێمانی: سیستمی ئەسیکۆدا نرخی کاڵا و خۆراکی گران کردووە

سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی هۆکاری جێبەجێنەکردنی تەواوەتیی سیستمی "ئەسیکۆدا" لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و هۆشداری دەدات لەوەی سیستمەکە بووەتە هۆی گرانبوونی نرخەکان لە بازاڕدا.

ناڕەزایەتیی بازرگانان و بەرزبوونەوەی باج

نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی ڕایگەیاند، کارکردن بە سیستمی ئەسیکۆدا ناڕەزایەتیی بازرگانانی عێراق و هەرێمی کوردستانی لێکەوتووەتەوە. بەگوێرەی سیستمە نوێیەکە باج بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە؛ بۆ نموونە لە هاوردەکردنی جلوبەرگدا خەمڵاندن بۆ هەر کیلۆیەک لە 1.50 دۆلارەوە بۆ 8 دۆلار بەرز بووەتەوە و ڕێژەی باجیش لە 3%ـەوە بووەتە 10%.

سەختبوونی ڕێکارەکان و قەبارەی پارە

بەگوێرەی ڕێکارە نوێیەکان، بازرگانان دەبێت پێشوەختە داواکاری پێشکەش بکەن و پارە بە ئامانەت دابنێن بەر لە گەیشتنی کاڵاکان، ئەمەش بارگرانیی دارایی دروست دەکات. نەوزاد غەفور هۆشداری دەدات کە لە داهاتوودا نرخەکان زیاتر بەرز دەبنەوە، چونکە کاڵاکانی ئێستای بازاڕ بە باجی کۆن هاوردە کراون.

زیانەکانی کەرتی پیشەسازی

سەرۆکی ژووری بازرگانی ئاماژەی بەوە کرد، باج و ڕسوماتی سەر ئامێرە پیشەسازییەکان زۆر زیادیکردووە، ئەمەش دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی کەرتی پیشەسازی و گرانبوونی بەرهەمە ناوخۆییەکان. هەرچەندە هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە بەئەلیکترۆنیکردنی ڕێکارەکان دەکات، بەڵام داوای پێداچوونەوە بەم سیستمەدا دەکات.

سیستمی ئەسیکۆدا چییە؟

ئەسیکۆدا (ASYCUDA) سیستمێکی جیهانییە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چاودێری دەکرێت؛ ئامانجی سەرەکی بەستنەوەی داهاتی دەروازەکانە بە بانکی ناوەندی و کۆنترۆڵکردنی باجی گومرگییە بەشێوەی ئۆتۆماتیکی بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵیی دارایی. عێراق لە 1ـی حوزەیرانی 2024ـەوە قۆناغ بە قۆناغ دەستی بەم سیستمە کردووە.