وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: 100 هەزار ڤیزامان هەڵوەشاندووەتەوە و ڕێکارەکان توندتر دەکەین

نمونەی نمایشکردنی ڤیزایەک لە شاری پۆرتلاند لە ویلایەتی ئۆریگۆی ئەمریکا. فۆتۆ: AP
نمونەی نمایشکردنی ڤیزایەک لە شاری پۆرتلاند لە ویلایەتی ئۆریگۆی ئەمریکا. فۆتۆ: AP

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئامارێکی پێوانەیی لە هەڵوەشاندنەوەی ڤیزا ئاشکرا کرد کە لە ماوەی یەک ساڵدا ئەنجام دراوە، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەشێک لەو ڤیزایانە هی خوێندکاران بوون و بەهۆی هەڵوێستی سیاسی و خۆپیشاندانەوە ڕەتکراونەتەوە.

ژمارەی پێوانەیی و سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا زیاتر لە 100 هەزار ڤیزایان هەڵوەشاندووەتەوە، کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە. بەراورد بە ساڵی 2024 و سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدن، ئەو ژمارە ڤیزایەی لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا ڕەتکراونەتەوە، دوو هێندە و نیو زیادی کردووە. تۆمی برووس، گوتەبێژی وەزارەتەکە هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە لای ئیدارەی ترەمپ هیچ شتێک لەپێش پاراستنی هاووڵاتییانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەوە نییە.

هۆکارەکانی ڕەتکردنەوە و پشکنینی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕوونی کردەوە کە هەزاران ڤیزا بەهۆی تاوانکارییەوە هەڵوەشێنراونەتەوە، لەوانە لێدان و شۆفێریکردن لەکاتی خواردنەوەی کحولدا. هاوکات ئیدارەی ترەمپ ڕێکارەکانی پێدانی ڤیزای توندتر کردووەتەوە و پشکنین بۆ پۆستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی داواکاران دەکات.

هەڵوەشاندنەوەی ڤیزای خوێندکاران و خۆپیشاندەران

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پشتیوانیی لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڤیزای ئەو خوێندکارانە کرد کە خۆپیشاندانیان دژی ئیسرائیل کردووە. بەگوێرەی ئامارەکان، هەشت هەزار لەو ڤیزایانەی ڕەتکراونەتەوە، ڤیزای خوێندن بوون. ڕوبیۆ پشت بە بڕیارێکی کۆنی وڵاتەکەی دەبەستێت کە ڕێگری لە هاتنەناوەوەی ئەو کەسانە دەکات کە دژایەتیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکەن.

هەڵمەتی ناردنەوەی پەنابەران

ڕەتکردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی ڤیزاکان بەشێکە لە هەڵمەتێکی فراوان بۆ ناردنەوەی بە کۆمەڵی پەنابەران. لەوبارەیەوە وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ ڕایگەیاندووە، مانگی ڕابردوو 605 پەنابەریان ناردووەتەوە و دوو ملیۆن و 500 هەزار کەسیش بە ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە.