گەشتە ئاسمانییەکانی سلێمانی و تاران ڕاگیران: نەبوونی گەشتیار و دۆخی ئێران هۆکارن

بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی ئێران و کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی گەشتیاران، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و تاران هەڵوەشێنرانەوە.

هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، ئەمڕۆ هیچ پلانێک بۆ ئەنجامدانی گەشت لەنێوان تاران و سلێمانی نەبووە. هاوکات بڕیار بوو سبەی 14ـی مانگ کاتژمێر 2:50 خولەک گەشتێک لە سلێمانییەوە بۆ تاران ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەو گەشتەش هەڵوەشاوەتەوە.

هۆکاری ڕاگرتنەکە

سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد، هێڵی ئاسمانیی "ماهان ئێر" خۆی بڕیاری ڕاگرتنی گەشتەکەی داوە. هۆکارەکە بۆ کەمیی گەشتیار دەگەڕێتەوە، بەجۆرێک لە فڕۆکەیەکدا کە توانای هەڵگرتنی 300 سەرنشینی هەیە، تەنیا چەند گەشتیارێکی کەم بلیتیان بڕیوە. سەرچاوەکە هۆکاری ئەم کەمبوونەوەیەی بۆ دۆخی ئێستای ئێران و بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان گەڕاندەوە.

خشتەی ئاسایی گەشتەکان

لە دۆخی ئاساییدا جووڵەی گەشتیاری لەنێوان هەردوو شارەکەدا بەردەوام بووە و فڕۆکەخانەی سلێمانی هەفتانە سێ گەشتی بۆ ئێران ئەنجام داوە، کە دابەش ببون بەسەر ڕۆژانی یەکشەممە، چوارشەممە و هەینیدا.

دۆخی گەشتەکانی هەولێر

سەبارەت بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پەیوەندی بە بەرپرسانەوە بەردەست نەبووە، بەڵام بەگوێرەی خشتەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە، پلانی گەشتێک لە تارانەوە بە هێڵی فڕۆکەوانیی ماهان ئێر بۆ هەولێر بوونی هەیە و تاوەکو ئێستا ئاماژە بە هەڵوەشاندنەوەی نەدراوە.