تەیف سامی دەچێتە پەرلەمان و قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق 100 تریلیۆن دیناری تێپەڕاند
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشکرای دەکات کە دۆخی دارایی عێراق لەبەردەم ئاڵنگاریی گەورەدایە و قەرزە ناوخۆییەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی پێوانەیی، هەر بۆیە بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەزیری دارایی بانگێشتی پەرلەمان بکرێت.
بانگێشتکردنی وەزیری دارایی
ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بانگێشتی پەرلەمان کراوە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئامادە بێت. ئامانجی سەرەکیی دانیشتنەکە ئاڕاستەکردنی پرسیارە لەبارەی دۆخی دارایی، باج و باجی گومرگی. ئەم بانگێشتکردنە دوای ئەوە دێت کە پێشتر عومەر وائیلی، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ میوانداری کرابوو و پرسی زیادکردنی داهاتی نانەوتی لەگەڵدا تاوتوێ کرابوو.
قەبارەی قەرزەکان و پلانی چاکسازی
ئەو پەرلەمانتارە هۆشداریی دا لە خراپیی دۆخی دارایی وڵات و ئاشکرای کرد کە حکومەتی عێراق نزیکەی 100 تریلیۆن دینار قەرزی ناوخۆیی لەسەرە، ئەمە جگە لەو قەرزە بیانییانەی کە هێشتا نەدراونەتەوە. لە دانیشتنەکەدا پەرلەمانتاران پرسیار لە تەیف سامی دەکەن سەبارەت بەو پلان و بەرنامانەی بۆ چاکسازی و باشترکردنی دۆخی دارایی دەیگرنەبەر.
پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت دەبێت بە پەیوەندییە داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ. ئەحمەد حاجی ڕەشید جەختی کردەوە کە پرسیار ئاڕاستەی وەزیر دەکرێت سەبارەت بە دۆسیەی مووچە و ئاستی پابەندبوون بەو ڕێککەوتنانەی لەنێوان هەردوولادا واژۆ کراون.
بانگێشتکردنی پارێزگاری بانکی ناوەندی
هاوکات لەگەڵ وەزیری دارایی، بڕیارە عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقیش بانگێشتی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت. ناوبراو ڕوونکردنەوە دەدات بە ئەندامانی پەرلەمان لەبارەی میکانیزمی دابینکردنی دۆلار لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و ئەو مەترسییانەی لە ئارادان سەبارەت بە ئەگەری سنووردارکردنی ڕەوانەکردنی دۆلار لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە.
13/01/2026