نرخی نەوتی سپی لە بازاڕ لە نێوان 170 بۆ 175 هەزار دیناردایە
حکومەتی بەغداد، بڕیاریداوە بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوت دابینبکات بەنرخی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێمی کوردستان، بەجۆرێک بۆ هەر 100 لیترێک لەنێوان 31 بۆ 35 هەزار دینار لەکاتی دابەشکردنیدا وەردەگیرێت.
بەردەوامى سەرما و شەپۆلى بەفرو باران
ئەمە لە کاتێکدایە، سێیەم شەپۆلی بەفر و چوارەم شەپۆلی بارانی بەخوڕ ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و تاوەکو ئێستا نەوتی سپی تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکان دابەشکراوە.
پشکى پارێزگاکان جیاکراوەتەوە
سالار محەممەد، لێپرسراوی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، ئەو نەوتەی دابەشدەکرێت، لە چوارچێوەی دابینیکردنی 50 ملیۆن لیتری حکومەتی فیدڕاڵدایە، کە پشکی پارێزگای هەولێر تێیدا 15 ملیۆن لیترە و بڕیارە لە ڕۆژی شەممە 17ـی کانوونی یەکەم دەستبە دابەشکردنی بکرێت لە ڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنیی، بۆ هەر 100 لیترێکیش 31 هەزار دینار وەردەگیرێت".
بەنرخى پاڵپشتیکراوى بەغداد دابەش دەکرێت
سەلام عەلی، سەرپەرشتیاری دابەشکردنی نەوت لە سلێمانی بەکەناڵ8ـی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ جۆرە نووسراوێکمان بەدەست نەگەیشتووە بۆ دابەشکردنی ئەو نەوتەی بڕیارە عێراق دابینی بکات، هەرکات بڕی نەوت و نووسراوی دابەشکردنمان پێبگات، ڕاستەوخۆ دابەشی دەکەین و بۆ هەر 100 لیترێک نرخەکەی 30 هەزار دینار وەردەگرین".
وادەى دابەشکردنى نەوتەکە
بەگوێرەی بەدواداچوونی کەناڵ8، ڕۆژانە 8 تانکەر لەو نەوتە دێتە هەرێمی کوردستان و پڕۆسەی ڕەوانەکردنەکە لە ڕۆژی شەممەى داهاتوو دابەشکردن دەستپێدەکات، بۆیە ڕەنگە دابەشکردنەکە لە هەولێر بکەوێتە ڕۆژی یەکشەممە و لە سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک بکەوێتە یەکشەممەی هەفتەی دواتر واتە دەکەوێتە پاش 25ـی مانگ.
ئەو نەوتەی بڕیارە دابەشبکرێت، حکومەتی عێراق دابینی دەکات و بڕەکەی 50 ملیۆن لیترە، پشکی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 20 ملیۆن لیترە، 15 ملیۆن لیتری پشکی پارێزگای هەولێرە و ئەوەی دەمێنێتەوە پشکی پارێزگای دهۆکە.
نرخى دابەشکردن لەلایەن حکومەتى هەرێم
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دابەشیدەکرد، نرخەکەی بۆ هەر بەرمیلێک 104 هەزار دینار بوو، تاوەکو ئێستا تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکان دابەشکراوە و بەگوێرەی بەدواداچوونی کەناڵ8 لە سەنتەری شارەکان دابەشناکرێت، بەهۆی نەبوونی نەوتی پێویست.
زیاد لە 400 هەزار خێزان نەوتیان وەرنەگرتووە
بەگوێرەی کۆتا خشتەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەکۆی گشتیی 126 ملیۆن و 484 هەزار و 800 لیتر نەوتی سپی کە لەلایەن هەرێمی کوردستان دابینکراوە، بڕی 124 ملیۆن و 900 هەزار لیتر دابەشکراوە، بەمەش 415 هەزار و 222 خێزان ماوە کە نەوتیان وەرنەگرتووە.
نرخى بازاڕى ڕەش بۆ هەر بەرمیلێک
نرخی نەوتی سپی، لە بازاڕدا لە نێوان 170 بۆ 175 هەزار دیناردایە، ئەو نەوتەی سامانە سروشتییەکان دابەشی دەکرد بە 104 هەزار دینار بوو و ئەوەشی عێراق دابینی دەکات هەر 100 لیترێکی لەنێوان 31 بۆ 35 هەزار دیناردا دەبێت.
15/01/2026