کۆشکى سپى: ئێران لەسێدارەدانى 800 کەس و کوشتنی خۆپیشاندەران ڕادەگرێت
کۆشکى سپى ڕایگەیاند، ئێران سزاى لەسێدارەدانى 800 کەسى ڕاگرتووە کە بڕیاربوو ڕۆژى چوارشەممە جێبەجێبکرێن، جەختیشیکردەوە، ترەمپ هۆشداریی داوەتە تاران لە لێکەوتەى مەترسیداریی بەردەوامبوون لە کوشتنى خۆپیشاندەران.
بە وردی چاودێریی دۆخی ئێران دەکەن
کارۆلین لیڤیت، گوتەبیژى کۆشکى سپى ڕایگەیاند، هێشتا هەموو بژاردەکان لەبارەى ئێران لەبەردەم سەرۆکدان، دەشڵێت، سەرۆک ترەمپ و تیمەکەى بە وردى چاودێریی دۆخى ئێران دەکەن.
لەسێدارەدانی 800 کەس هەڵپەسێردراوە
گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتیشى، سەرۆک ترەمپ ئاگادارکراوەتەوە کە سزاى لەسێدارەدانى 800 کەس لە ئێران هەڵپەسێردراوە کە بڕیاربووە ڕۆژى چوارشەممە جێبەجێبکرێن، پەیامێکیشى پێگەیشتووە، ناوەرۆکەکەى دەڵێت، پرۆسەکانى کوشتن و لەسێدارەدان لە ئێران ڕادەگیرێن.
کوشتن لێکەوتەی خراپی دەبێت
کارۆلین لیڤیت ئاشکراشیکرد، ترەمپ و تیمەکەى ئێرانیان ئاگادارکردووەتەوە، بەردەوامبوونیان لەسەر کوشتن لێکەوتەى خراپ و مەترسیدارى دەبێت.
تەنیا ترەمپ و تیمێکی بچووک
گوتەبێژى کۆشکى سپى ڕوونیشیکردەوە، تەنیا ترەمپ خۆى دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکات، تیمێکى زۆر بچووک لە ڕاوێژکارەکانى ئاگادارى پلانەکانین.
مەرجی بڕیاری هێرش بۆ سەر ئێران
ڕۆژنامەى نیویۆرک تایمز لە زارى بەرپرسێکى باڵاى ئەمریکییەوە ئاشکرایکردووە، بڕیارى هێرشکردنە سەر ئێران دەوەستێتە سەر ئەوەى دەزگا ئەمنییەکانى ئەو وڵاتە چۆن مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندا دەکەن.
داوای دواخستنی هێرشەکە
بەرپرسانى ئەمریکا بە ڕۆژنامەکەیان گوتووە، بنیامین نەتانیاهوو سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل ڕۆژى چوارشەممە پەیوەندییەکى تەلەفۆنى لەگەڵ ترەمپ ئەنجامداوە و داواى لێکردووە پلانى هێرشکردنە سەر ئێران دوابخات.
ترەمپ چاودێریی مامەڵەی ئێران لەگەڵ خۆپیشاندەران دەکات
ڕۆژنامەى وۆڵستریت جۆرناڵ لە زارى بەرپرسانى ئەمریکاوە ئاماژەى بەوەکردووە، ترەمپ چاودێریی چۆنیەتى مامەڵەى ئێران لەگەڵ خۆپیشاندەران دەکات بەر لە هەر بڕیارێک بۆ هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە.
ئامادەکاریی سەربازیی پێویست
بەگوتەى بەرپرسانى ئەمریکا، ترەمپ داوایکردووە، ئامادەکاریى سەربازیى پێویست بکرێت بۆ حاڵەتى بڕیاردان لە هێرشکردنە سەر ئێران. لەگەڵ ئەوەشدا، ترەمپ ئامۆژگارییەکى پێگەیشتووە کە لێدان لە ئێران نابێتە هۆى ڕووخانى دەسەڵاتەکەى و کەناڵى 12ـى ئیسرائیلى بڵاویکردەوە، ئاستى ئامادەباشى لە ئیسرائیل لە ئاستێکى بەرزدایە بۆ هەر حاڵەتێکى لەناکاو لەبارەى ئێران.
15/01/2026