چەند زانیارییەک دەربارەی شێرپەنجەی پێست

یەکێک لە ڕێگەکانی چارەسەری شێرپەنجەی پێست، تیشکە
یەکێک لە ڕێگەکانی چارەسەری شێرپەنجەی پێست، تیشکە

شێرپەنجەی پێست، نەخۆشییەکە بەهۆی زیادبوونی نائاسایی خانەکانی پێست ڕوودەدات. بەشێوەیەکی ئاسایی، خانەکانی پێست دەمرن و خانەی نوێ جێیان دەگرنەوە. کاتێک ئەم پرۆسەیە بەباشی بەڕێوەناچێت، خانەکان خێراتر زۆر دەبن، ئەمە دەبێتەهۆی شێرپەنجەی پێست.
ئەگەر ئەم جۆرەی شێرپەنجە لە سەرەتادا دەستنیشانبکرێت، ئەگەری چارەسەرکردنی زۆرە، بەڵام ئەگەر زوو دەستنیشاننەکرێت، لەوانەیە بڵاوببێتەوە.

نیشانەکان چین؟

سەرەکیترین نیشانەی شێرپەنجەی پێست، روودانی گۆڕانێکی نوێیە، بۆنموونە:-

  •  دەرکەوتنی خاڵێکی نوێ، یان گۆڕانی رەنگ، قەبارە و شێوەی خاڵێک کە پێشتر هەبووە.
  • لووی چەور لەسەر دەموچاو، گوێ یان مل
  • پەڵەی سوور، پەمەیی یان قاوەیی
  • پەڵە کە شێوەی جێبرینی هەبێت
  • برینێک کە ناوەڕاستەکەی چاڵ بێت یان زووزوو خوێنی لێ بێت
  • برینێک کە چاکنەبێتەوە، یان چاکبێتەوە و زووزوو سەرهەڵبداتەوە
  • برینێک کە توێژاڵ و کڕێشی لەسەر بێت

برین و پەڵەکانی شێرپەنجەی پێست چۆن دەردەکەون؟

بەپێی جۆری شێرپەنجەکە، شێوەکەی دەگۆڕێت؛ بەڵام چەند شتێک هاوبەشن لەنێوان هەموو جۆرەکانی شێرپەنجەی پێست:

  • ناڕێکی: پەڵەیەک کە ناڕێکە و لاکانی لەیەک ناچن
  • رەنگ: خاڵێک یان پەڵەیەک کە زیاتر لە یەک رەنگی هەیە
  • قەبارە: قەبارەی خاڵ یان پەڵەکە لە دەنکە نیسکێک گەورەترە (شەش ملیمەتر زیاتر)
  • گۆڕان: شێوە، قەبارە و رەنگی دەگۆڕێت (ئەمە سەرەکیترین نیشانەیە)

چی مەترسیی توشبوون زیاددەکات؟

  • زیاد بەرکەوتنی هەتاو
  • پێستی کاڵ
  • بوونی ژمارەیەکی زۆری خاڵ
  • مێژووی خێزانیی شێرپەنجەی پێست
  • بەر لە 50 ساڵی، ژنان زیاتر توش دەبن
  • دوای 50 ساڵی، پیاوان زیاتر توش دەبن

چۆن مەترسیی توشبوون کەمبکرێتەوە؟

سەرەکیترین رێگە بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی پێست، خۆپاراستنە لە هەتاو، لەڕێگەی:

  • خۆنەدانە بەر هەتاو
  • بەکارهێنانی کڵاو و چاویلکەی خۆر
  • لەبەرکردنی جلوبەرگی قۆڵدرێژ
  • بەکارهێنانی سووراوێک کە دژەخۆری تێدایە

چارەسەر چییە؟

بەنزیکەیی هەموو جۆرەکانی شێرپەنجەی پێست، ئەگەر لە سەرەتاوە دەستنیشانبکرێن، چارەسەریان هەیە. کۆمەڵێک رێگەی جیاواز هەن بۆ چارەسەری شێرپەنجەی پێست، بەپێی قۆناغە جیاوازەکان، چارەسەری جیاواز بەکاردەهێنرێت:

  • چارەسەر بە ساردی: پلەی گەرمیی زۆر نزم بەکاردەهێنرێت بۆ کوشتنی خانەکانی شێرپەنجەکە
  • لابردن و دەرهێنان
  • سووتاندن
  • چارەسەری کیمیایی
  • چارەسەری بەرگری
  • چارەسەری تیشکی

ئایا بوونی خاڵ مەترسیدارە؟

زۆرینەی خەڵکی 10-40 خاڵ لەسەر پێستیان هەیە. راستە ئەم خاڵانە دەکرێت ببن بە خانەی شێرپەنجەیی، بەڵام ئەمە دەگمەنە و مەترسییەکە زۆر کەمە.