ترەمپ پێکهێنانی ئەنجوومەنی ئاشتیی بۆ کەرتی غەززە ڕاگەیاند
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستپێکردنی قۆناغی داهاتووی ڕێککەوتنی غەززە و پێکهێنانی ئەنجوومەنی ئاشتیی بۆ ئەو کەرتە ڕاگەیاند، کە چەکداماڵینی بزووتنەوەی حەماس لەخۆدەگرێت، لە یەکەم کاردانەوەشدا بنیامین نەتانیاهوو، ئەم ڕاگەیاندنەی بە هەنگاوێکی سیمبولی ناوبرد.
پلانەکە لە 20 خاڵ پێکهاتووە
سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی 'ترووس' بە فەرمی چوونە ناو قۆناغی دووەمی پلانی ئاشتیی غەززەی ڕاگەیاند، کە لە 20 خاڵ پێکهاتووە، گوتیشی، لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە، تیمەکەی یارمەتیدەر بوون لە گەیاندنی ئاستی پێوانەیی هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە، ئەمەش ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ چوونە ناو قۆناغی دووەمەوە.
حکومەتێکى تەکنۆکرات کەرتەکە بەڕێوەدەبات
سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند، وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاشتیی غەززە پشتیوانی لە حکومەتی تەکنۆکراتی تازە ڕاسپێردراوی فەڵەستین دەکات بۆ بەڕێوەبردنی کەرتەکە لەماوەی ڕاگوزەردا.
چەکداماڵینى حەماس
هەروەک جەختی لە پێویستیی دەستەبەرکردنی چەکداماڵینی حەماس کردەوە و گوتی: بە پاڵپشتیی میسڕ و تورکیا و قەتەڕ ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە بۆ ئەو پڕۆسەی چەکداماڵینە مسۆگەر دەکەن، کە ڕادەستکردنەوەی هەموو جۆرە چەکەکان و هەڵوەشاندنەوەی تونێلەکان لەخۆدەگرێت.
ناوى ئەندامانى ئەنجوومەنەکە
گوتیشی، پێویستە حەماس تەرمی دووایین بارمتە ڕادەست بکاتەوە، دەربارەی ناوی ئەندامانی ئەنجوومەنەکەش، گوتی بەمنزیکانە ناوی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاشتیی غەززە ڕادەگەیێنرێت.
تورکیا لەناو وڵاتەکاندایە
بەگوێرەی پێگەی ئەکسیۆس، لەنێو ئەو وڵاتانەی پێشبینیدەکرێت بچنە ناو ئەنجوومەنەکەوە، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، سعودیە، قەتەڕ، میسڕ و تورکیان.
هەنگاوێکی سیمبولییە
لە یەکەم کاردانەوەشدا بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕاگەیاندنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکەی لەلایەن ئەمریکاوە بە هەنگاوێکی سیمبولی ناوبرد و گوتی، ئەو هەنگاوە ئاماژە نییە بۆ بەدەستهێنانی پێشکەوتن، بەڵکو تەنیا هەنگاوێکی سیمبولییە، ئەوەش لەکاتێکدایە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە کە پێکهێنانی ئەنجوومەنی ئاشتیی غەززە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل بووە.
16/01/2026