د. ئازاد مستەفا: 30 کارمەندمان بۆ دابمەزرێنن، دەتوانین چاودێریی ورد بێ بەرامبەر لە هەڵەبجە بۆ خەڵک فەراهەم بکەین
کەناڵ8- سلێمانی
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە دەڵێت بۆ کردنەوەی چاودێریی ورد لە هەڵەبجە هەموو پێداویستییە لۆجستییەکانمان فەراهەم کردووە و تەنیا پێویستمان بەوەیە چەند کارمەندێکی تەندروستیمان بۆ دابمەزرێنن.
د.ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە لە لێدوانێکیدا بۆ دێسکی تەندروستیی کەناڵ8، دەڵێت بۆ کردنەوەی بەشی چاودێریی چڕ لە پارێزگای هەڵەبجە پێویستمان بە دامەزراندنی یاریدەدەری بێهۆشکارە "تەنها 30 کەسمان بۆ دابمەزرێنن کە دەرچووی کۆلێژی بێهۆشکاری بن، هەنگاوێکی گەورە دەچینە پێشەوە لە خزمەتکردنی کەرتی تەندروستی، ئێستا مانەوە لە بەشی چاودێریی چر لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بارگرانییەکی زۆری لەسەر هاونیشتمانییان دروست کردووە، ئەو چارەخوازانەی لە بەشی چاودێریی چڕ دەمێننەوە بەدەر لەوەی باردودۆخی تەندروستییان سەختە، ئەرکێکی دارایی زۆریش دەکەوێتە سەرشانیان، ئەوەی ئێمە بەتەماین ئەنجامیبدەین و هەنگاومان بۆ ناوە، لە چوارچێوەی ئەو زەمینەسازییەدایە بۆ بەهێزکردنی کەرتی تەندروستیی گشتی و فەراهەمکردنی چاودێریی ورد بێ بەرامبەر بۆ خەڵک".
لەبارەی ئامادەسازییە لۆجستتییەکانەوە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵابجە دەڵێت "کارگەی دروستکردنی ئۆکسجینمان لەناو نەخۆشخانەکە دروست کردووە کە ئۆکسجینی بەردەوام دروست دەکات بۆ بەشی چاودێری چر،چوار هۆڵی نەشتەرگەری لە تەنیشت بەشی چاودێری هەن، بەردەوام پزیشکی بێهۆشکار ئامادەیە، ڤاکیومی مەرکەزی، لەهەمووی گرنگتر ئامێری هەناسەدانی دەستکرد، مۆنیتەر، سرنج پەمپ و ئینفویژن پەمپ، ئەم ئامێرانە پێداویستییەکانی بەشی چاودێریی چڕن بە شێوەیەکی گشتی، هەموو ئامێرەکانمان دابین کردووە".
بۆ ئەو کەموکووڕییانەی بوونەتە بەربەست لە بەردەم کردنەوەی چاودێریی ورد، د. ئازاد مستەفا دەڵێت" پێویستمان بە دامەزراندنی 30 کارمەندە و نووسراویشمان کردووە بۆ وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەم مەبەستە".
بەرپرسەکەی تەندروستیی هەڵەبجە جگە لە دانەمەزراندنی کارمەند، ڕەخنەی دیکەشی لە وەزارەتی تەندروستی هەیە "وەزارەتی تەندروستی تاوەکو ئێستا لێخۆشبوونێکی وای بۆ پزیشاکانی نیشتەجێی دێرین نەکردووە کە بۆ پارێزگای هەڵەبجە ئاسانکارییەکی باش بکەن و هانی پزیشکانی نەداوە ڕووبکەنە هەڵەبجە".
د. ئازاد دەڵێت بەهۆی کەمیی مووچەوە دەوامی بەشێک لە کارمەندانمان کەم کردووەتەوە و ئەوەش کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر کەرتی تەندروستی.
بەڕیوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە دەڵێت کردنەوەی بەشی چاودێریی چڕ وادەکات پزیشکانی پسپۆڕی نەشتەرگەری زۆرترین نەستەرگەریی گەورە بکەن لەناو نەخۆشخانەکاندا "ئەو پزیشکانەی نەشتەرگەریی گەورە ناکەن لەبەر ئەوەیە ترسیان هەیە لەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی نەشتەرگەرییەکە ببێتەهۆی ئەوەی چارەخوازەکە پێویستی بە بەشی چاودێریی چڕ بێت و ئێستاش ئەو بەشەمان نییە".
17/01/2026