گرینلاند؛ گەورەترین دوورگەی جیهان کە تەنیا یەک موسوڵمانی تێدا دەژی و ژمارەی بەلەمەکانی لە ئۆتۆمبێل زیاترە

دیمەنێک لە کەناراوەکانی دورگەی گریلاند
دیمەنێک لە کەناراوەکانی دورگەی گریلاند

گرینلاند دوورگەیەکی سەهۆڵین و گەورەترینە لەسەر ئاستی جیهان، کە سەرەڕای ناوەکەی، زەوییەکی سپیپۆشە و خاوەنی تایبەتمەندیی جوگرافی و کۆمەڵایەتیی ناوازەیە و تەنیا یەک هاوڵاتیی موسوڵمان لەوێ نیشتەجێیە.

جوگرافیا و سروشتە سپییەکەی گرینلاند

گرینلاند گەورەترین دوورگەیە لە جیهاندا و ڕووبەرەکەی دەگاتە 2.1 ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە. ناوەکەی بە واتای "زەویی سەوزایی" دێت، بەڵام لە ڕاستیدا دیمەنەکەی پێچەوانەیە و 80%ی ڕووبەرەکەی بە سەهۆڵ داپۆشراوە. ئەم دوورگەیە گرنگییەکی ژینگەیی زۆری هەیە، چونکە ئەگەر سەهۆڵەکانی بتوێنەوە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی سەرجەم دەریاکانی جیهان دەبێت. لە ڕووی جوگرافییەوە دەکەوێتە باکووری ئەمریکا، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە بەشێکە لە شانشینی دانیمارک.

ژیانی شارستانی و قەیرانی ڕێگاوبان

دوورگەکە خاوەنی 57,000 دانیشتووە، بەڵام بەهۆی سەرما و بەفرێکی زۆرەوە، شارەکانی وەک شوێنی چۆڵ و بەجێهێڵدراو دەردەکەون. پایتەختەکەی ناوی "نوک"ە و نزیکەی 17,000 دانیشتووی هەیە. یەکێک لە سەیرترین تایبەتمەندییەکانی گرینلاند ئەوەیە کە هیچ ڕێگایەکی وشکانیی نییە ناوچە جیاوازەکان بە یەکدی ببەستێتەوە، هەر بۆیە بەلەم و هێلیکۆپتەر هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەن. لەم دوورگەیەدا ژمارەی بەلەمەکان لە ئۆتۆمبێل زیاترە و لە هەموو وڵاتەکەدا تەنیا 3 ترافیک لایت بوونی هەیە.

ئایین و چیرۆکی تاقە موسوڵمانەکەی دوورگەکە

ئایینی فەرمیی گرینلاند کریستیانە و هیچ مزگەوتێک لەوێ بوونی نییە. بەپێی زانیارییەکان، تەنیا یەک هاوڵاتیی موسوڵمان لە دوورگەکەدا دەژی کە ناوی وسام عەزاکیرە و بە ڕەچەڵەک لوبنانییە. وسام لە شاری نوک ڕێستۆرانتێک بەڕێوەدەبات و بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی ناوچەکەوە کە دەکەوێتە جەمسەری باکوور، لە کاتی مانگی ڕەمەزاندا ناچارە ڕۆژانە بۆ ماوەی 21 کاتژمێر بەڕۆژوو بێت.

ئابووری و سەرچاوەکانی داهات

ئابووریی گرینلاند بە پلەی یەکەم پشت بە کەرتی ماسیگری دەبەستێت، کە نیوەی داهاتی حکومەت پێکدەهێنێت. لە دوای ماسیگری، کەرتەکانی گەشتیاری و کانزاکاری سەرچاوەی تری داهاتن. زمانی فەرمیی دوورگەکە ئینیوتییە، بەڵام دانیمارکی و ئینگلیزیش قسەی پێدەکرێت، هەروەها دراوی فەرمییان کرۆنی دانیمارکییە. وڵاتەکە خاوەنی پەرلەمانە و لە ڕووی کارگێڕییەوە بەسەر 4 شارەوانیدا دابەشبووە.

پێگەی سیاسی و مێژووی دوورگەکە

سەرەتا گرینلاند لەلایەن ڤایکینگەکانەوە دۆزراوەتەوە، بەڵام لە ساڵی 1721 بە فەرمی دانیمارک دەستی بەسەردا گرت. لە دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتیی نێوان دانیمارک و نەرویج لە ساڵی 1814، دوورگەکە لای دانیمارک مایەوە و لە ساڵی 1979 بووە هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی. لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا ئەمریکا بەرگریی لە دوورگەکە دەکرد و تاقە فڕۆکەخانەی ناوچەکەش لە ساڵی 1941 لەلایەن واشنتنەوە دروستکراوە، کە تا ئێستاش گەشتیاران تەنیا لە ڕێگەی فڕۆکەوە دەتوانن سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.