وەزیری وزەی ئەمریکا: یەک بەرمیل نەوتى ڤەنزوێلا بە 45 دۆلار دەکڕین؛ مادورۆ بە 31 دۆلاری دەفرۆشت
کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، ڕایگەیاند، وڵاتەکەى یەک بەرمیل نەوت لە ڤەنزوێلا بە 45 دۆلار دەکڕێتەوە، کە پێشتر بە 31 دۆلار دەفرۆشرا.
نرخەکانی نەوتی ڤەنزوێلا
وەزیری وزەی ئەمریکا ڕاشیگەیاند، پێش دەستگیرکردنی، نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا یەک بەرمیل نەوتى بە نزیکەی 31 دۆلار فرۆشتووە، لەکاتێکدا تێکڕای نرخی نەوتی خاو 60 دۆلار بووە، دەشڵێت، ئێستا ئەمریکا نرخێکی زۆر زیاتر دەداتە نەوتى ڤەنزوێلا کە بۆ هەر بەرمیلێک 45 دۆلاری ئەمریکییە".
15 دۆلار داشکان بۆ ئەمریکا
لە درێژەی قسەکانیدا کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا گوتی، " نەوتى خاوى ڤەنزوێلا بە داشکاندنی نزیکەی 15 دۆلار دەکڕین و بۆ هەر بەرمیلێک 45 دۆلار دەدەین".
ڕێگەدان بە کۆمپانی شیڤرۆن
ڕایت ئەوەشى دووپاتکردەوە، ئەمریکا کارى کردووە بۆ فراوانکردنی کارەکانى کۆمپانیاى شیڤرۆن بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە ڤەنزوێلا. وڵاتەکەی پلانی هەیە ڕێگە بە کۆمپانیای شیڤرۆن بدات بە پارە قەرەبووى نەوتى ڤەنزوێلا وەربگرێتەوە، ئەمەش ڕێگە بە کۆمپانیاکە دەدات هەموو ئەو نەوتە بفرۆشێت کە لە وڵاتەکەدا بەرهەمی دەهێنێت.
پارەی کاش بە ڤەنزوێلا
بەگوێرەی مۆڵەتی ئێستای خۆی، کۆمپانیای شیڤرۆن بە نەوتی ڤەنزوێلا پارەی باج دەدات بە حکومەتی ڤەنزوێلا نەک پارەی نەختینە، بەڵام لەمەودوا پارە دەدات بە حکومەتى کاراکاس.
زیادکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت
ئاژانسی رۆیتەرز ڕایگەیاندووە، پێشبینیدەکرێت کۆمپانیاى شیڤرۆن کە بنکەکەی لە شاری هیوستنە، بەمزووانە مۆڵەتێکی فراوانتر لە ڤەنزوێلا وەربگرێت، کە ڕێگە بە زیادکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن لە وڵاتەکە بدات.
پلانی بە بازاڕکردنی 50 ملیۆن بەرمیل نەوت
ئەمە لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا ڕایگەیاندووە، ئەمریکا پیشەسازیی نەوتی ڤەنزوێلا بەڕێوەدەبات و بەرپرسیاریەتیی فرۆشتنی نەوت لە وڵاتەکەدا دەگرێتە ئەستۆ، واشنتنیش پلانەکانی بۆ بەبازاڕکردنی تاوەکو 50 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڤەنزوێلا ڕاگەیاندووە.
فرۆشی ڕۆژانەی نەوت
ڤەنزوێلا ڕۆژانە 950 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و پێشتر نەوتەکەى بە چین و کوبا و تورکیا دەفرۆشت.
17/01/2026