ئێران و ئەمریکا؛ گۆڕانی ستراتیژ لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییەوە بۆ بەڕێوەبردنی قەیران

ئاڵای ئەمریکا و ئێران
ئاڵای ئەمریکا و ئێران

دوای نزیکەی سێ هەفتە لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بەرامبەر وەستاندنی لەسێدارەدانی نزیکەی 800 دەستبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکان، سوپاسی ئێرانی کرد. شارەزایان پێیان وایە ئەم هەنگاوە بە مانای ئاشتەوایی نایەت، بەڵکو نیشانەیە بۆ ئەوەی هەردوو لایەن لە قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازییەوە چوونەتە قۆناغی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان.

هۆکارەکانی پاشەکشەی ئەمریکا لە بژاردەی سەربازی

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، چەند هۆکارێک بوونەتە پاڵنەر بۆ کشانەوەی ترەمپ لە هێرشی سەربازی، لەوانە: نەبوونی توانای پێویست بۆ دەستپێکردنی شەڕێکی گەورە و درێژخایەن، هەروەها لۆبیی بەردەوامی بەرپرسانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەب کە پێیان وایە کاتەکە بۆ هێرش گونجاو نییە، چونکە ئێران هێشتا توانای زیانگەیاندنی بە ئیسرائیل ماوە.

نادیاریی ئایندەی سیاسی و بەدیلی دەسەڵات

سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە واشنتنیان ڕاگەیاندووە، دۆخی ناوخۆی ئێران زۆر ناسکە و خۆپیشاندەران بە توندی سەرکوت دەکرێن. هاوکات ئاماژە بەوە کراوە کە تاوەکو ئێستا هیچ بەدیلێکی گونجاو لە ئارادا نییە بۆ ئەوەی لە حاڵەتی ڕووخانی دەسەڵاتی ئێستادا سەرکردایەتیی ئۆپۆزسیۆن بکات، ئەوەش مەترسیی دروستبوونی پشێویی زیاتری لێ دەکرێت.

ستراتیژی نوێ؛ سزای ئابووری لەبری شەڕ

لە ئێستادا ئیدارەی ترەمپ بژاردەی چڕکردنەوەی سزاکانی هەڵبژاردووە بۆ لێدان لە ئابووریی ئێران، بەو ئامانجەی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان زیاتر بن و شیرازەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتەکە تێکبچێت. ترەمپ لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە، بێ بەکارهێنانی هێزی سەربازی، حکومەت و دەسەڵاتی ئێران بۆخۆی دادەڕووخێت.

جموجۆڵە دیپلۆماسییەکانی تاران

بەرپرسانی ئێران لەگەڵ دەستپێکی هەڕەشەکانی ئەمریکا، هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان بۆ دوورخستنەوەی جەنگ چڕکردەوە. دیپلۆماتە ئێرانییەکان هەوڵیان داوە ئەمریکا قایل بکەن کە پەنا بۆ هێرشی سەربازی نەبات و لە بەرامبەردا ئامادەیی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان نیشان داوە.

ئاماری قوربانییەکان و دۆخی ناوخۆ

بەهۆی سنووردارکردنی ئینتەرنێت، ئامارێکی فەرمی لەبەردەست نییە، بەڵام ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باس لە کوژرانی هەزاران کەس دەکەن. لە لایەکی دیکەوە، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، سەرۆکی ئەمریکا بە تێوەگلان لە پشێوییەکان تۆمەتبار دەکات و دەزگا ئەمنییەکانیش بەردەوامن لە دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بە "گرووپە ئاژاوەگێڕەکان" ناویان دەبەن. بڕیاریشە دوای هەفتەیەک لە داخستنیان، بەشێک لە زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن لە تاران و چەند ناوچەیەکی دیکە بکرێنەوە.