نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بۆ یەکەمجار لە مێژوودا گەیشتە 4670 دۆلار
لەگەڵ کردنەوەی بازاڕە داراییەکان و دەستپێکی بازرگانیی ئەم هەفتەیە، نرخی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان پێوانەیەکی نوێی تۆمارکرد. نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بەرزبووەوە بۆ 4670 دۆلار، ئەمەش دوای زیادبوونی خواست لەسەر کڕینی کانزاکە.
بەرزبوونەوەی نرخی پلاتینۆم و پالادیۆم
بەپێی پێنوێنە جیهانییەکان، نرخی کانزا بەنرخەکانی دیکەش بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینیوە. نرخی پلاتینۆم بە ڕێژەی 1.9% بەرزبووەوە و گەیشتە 2,373 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. هاوکات نرخی پالادیۆم بە ڕێژەی 0.5% زیادی کرد و گەیشتە 1,809 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، نرخی زێڕ بە جۆرێکە کە یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 24 بە 1,108,000 دینارە. هەروەها یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 971,000 دینار و یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 18 بە 832,000 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی یەک لیرەی خلیجیش گەیشتووەتە 975 دۆلار.
هۆکارەکانی ڕووکردنی وەبەرهێنەران بۆ کڕینی زێڕ
شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن، مانەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن و زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان گرینلاند و ئەمریکا، وایکردووە خواست لەسەر زێڕ وەک پەناگەیەکی سەلامەت زیاد بکات. هەروەها نوێبوونەوەی جەنگی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و ئەورووپا بەهۆی سەپاندنی باجی 10% لەسەر پرسی گرینلاند، نادڵنیایی لە بازاڕەکاندا دروستکردووە و وەبەرهێنەران ڕوویان لە کڕینی کانزا بەنرخەکان کردووە.
19/01/2026