محەممەد ئەمین: ئامانجی سکاڵاکان دەستبەرداربوونی جووتیارە کوردەکانە لە زەوییەکانیان
ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2026، بۆ جاری دەیەم نوێنەری جووتیارانی کوردی سنووری سەرگەڕان لەسەر سکاڵای عەرەبە هاوردەکان و سەربازێکی سوپای عێراق، بانگێشتی دادگای دووبز دەکرێتەوە.
بانگێشتکردنی نوێنەری جووتیاران بۆ جاری دەیەم
محەممەد ئەمین، ئەو جووتیارەی لەکاتی ئاڵۆزییەکانی مانگی شوباتی ساڵی 2025 لە گوندی شەناغە لە شارەدێى سەرگەڕان لەلایەن سەربازێکی سوپای عێراقەوە هێرشی کرایە سەر و بەملپێچەکەی ئازاردرا، ئەمڕۆ لەسەر دوو سکاڵای جیاواز لەبەردەم دادگای دووبز ئامادە دەبێت، کە سکاڵای یەکەم لەلایەن سەربازە عێراقییەکە بەناوی (کەڕاڕ شاکر) تۆمارکراوە و سکاڵای دووەمیش لەلایەن فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی عێراقەوە لە ڕێگەی لیژنەی یاساییەوە جووڵێنراوە.
ئامادەنەبوونی سکاڵاکار لە دادبینییەکان
سەرەڕای ئەوەی ئەمە دەیەمجارە نوێنەرى جووتیارانی کورد بانگێشتی دادگا دەکرێت، بەڵام ئەو سەربازەی سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە ئامادەی هیچ کام لە دانیشتنەکان نەبووە و محەممەد ئەمین ئاماژەی بەوە کردووە، لەسەرجەم دادبینییەکاندا ئامادەبووە، بەڵام دادبینییەکە لەسەر داواکاریى سکاڵاکارەکان دواخراوە، چونکە بەڵگەکانیان لاوازن و دەیانەوێت دەرفەتى زیاتریان پێبدرێت بۆ ئەوەى بتوانن لە دۆسیەکەدا تاوانبارى بکەن.
هەوڵەکان بۆ تەعریبکردنەوەی ناوچەکە
بەگوتەى نوێنەرەکەی جووتیارانی کورد، ئامانج لەو سکاڵایانەی کە عەرەبە هاوردەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان تۆماری دەکەن، بریتییە لە هەراسانکردنی جووتیارە کوردەکان، تاوەکو ناچار بن دەستبەرداری زەوی و گوندەکانیان ببن و ناوچەکە دووبارە تەعریب بکرێتەوە.
19/01/2026