حەشدی شەعبی: هەماهەنگییان لەگەڵ هێزەکانی سەرسنوور کۆنترۆڵی سنوورەکانی کردووە

دیمەنێک لە هێزەکانی عێراق لە سنووری نێوان عێراق و سووریا
دیمەنێک لە هێزەکانی عێراق لە سنووری نێوان عێراق و سووریا

حەشدی شەعبی ڕایگەیاندووە، هەماهەنگییان لەگەڵ هێزەکانی سەرسنوور بەشداربووە توندوتۆڵکردن و  کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی عێراق و سووریا.

هەماهەنگی لەسەر سنوورەکان

قاسم موسڵەح، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی ئەنبار لە حەشدی شەعبی دڵنیایی داوە لە بوونی هەماهەنگییەکی ئەمنی باڵا لەگەڵ ئەو هێزانەی عێراق کە لە سەرسنوورەکانن، دەشڵێت، ئەوەش یارمەتیدەربووە لە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا.

"سەقامیگری و پاراستنی وڵات"

فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی ئەنبار لە حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ زیاترکردنی سەقامگیری و پاراستنی وڵات.

چاودێریی ڕووداوەکانی سووریا

ئەوە لەکاتێکدایە، عەبدولئەمیر شەمەرى، وەزیرى ناوخۆى عێراق ڕایگەیاند، "بەوردیى چاودێرى ڕووداوەکانى سووریا دەکەن، گوتیشی، سێ ساڵ لەمەوپێش پێشبینى ئەم ڕووداوانەیان کردووە و سنوورەکانیان بەتایبەت لەگەڵ سووریا توندوتۆڵ کردووە و خەندەقیان بە درێژایى 620 کیلۆمەتر لەسەر سنوورى سووریا دروستکردووە.

سنوور پارێزراوە

وەزیرى ناوخۆى عێراق گوتیشی، سنوورى عێراق لەگەڵ سووریا بەتەواوەتى پارێزراوە و هۆشدارى ئەوەشیدا کە هەر نزیکبوونەوەیەک لە سنوورى عێراق، ڕووبەڕووى تەقەکردن دەبێتەوە.

کامێرای حەراری لە خاڵە سنوورییەکاندا

عەبدولئەمیر شەمەرى ڕوونیشیکردەوە، لە خاڵە سنوورییەکانیشدا کامێراى حەرارییان جێگیرکردووە کە شەو و ڕۆژ بە بەردەوامى کار دەکەن.