کاردانەوەی دیلکردنی دوو شەڕڤانی یەپەژە؛ هاوشێوەی داعش مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن
لە هێرش و پەلامارەکانى گرووپە چەکدارەکانى سەربە دەسەڵاتى ئەحمەد شەرع لە ناوەڕاستى ئەم مانگە، دوو کچە شەڕڤانى ڕیزەکانى هەسەدە، لەلایەن گرووپە چەکدارەکانى سەربە دیمەشقەوە کە خۆیان بە گرووپى عەمشات دەناسێنن، لە دێرەزۆر ڕفێنران و یەکێک لە چەکدارەکان ڤیدیۆى کچە شەڕڤانەکان دەکات و دەڵێت، ئەبوو موجاهید ئەم شەڕڤانانەم هێناوە پێشکەشى تۆى دەکەم.
ناڕەزایەتیی بەربڵاوی لێکەوتووەتەوە
ڤیدیۆکە توڕەیی و ناڕەزایی بەربڵاوی خەڵک و ژنانی لێکەوتەوە، داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەم تاوانە بکرێت.
مامەڵەی نەشیاویان لەگەڵ دەکەن
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووەتەوە، دوو شەڕڤانى یەپەژە بە ناوەکانی ئامارا ئینتیقام و نارین ئەخین دەردەکەون کە چەکدارانى گرووپەکانى سەربە حکومەتی کاتیی سووریا مامەڵەى نەشیاویان لەگەڵ دەکەن و لە دوو شوێنى جیاواز ڤیدیۆیان دەگرن.
مامەڵەی چەکدارانی شەرع هاوشێوەی چەکدارانی داعشە لە شنگال
چالاکوانان قسەکانى چەکدارەکەى ئەحمەد شەرع بە بەڵگەی پێشێلکاریی بەرامبەر بە گیراوان دەزانن و دەڵێن، مامەڵەى ئەو چەکدارانە، هاوشێوەى چەکدارانى داعشە کە لەکاتى چوونەناو شنگال، کچانى کوردیان کرد بە سەبایا و دەستدرێژییان کردە سەر ژنان و کچان، لەئێستاشدا ئەو گرووپانە بە ئاڵاى داعشەوە و لەژێر ناوى سووپاى نوێی سووریا هەمان ڕەفتارەکانى داعش دووبارە دەکەنەوە و هێرش دەکەنەسەر هاونیشتمانییانى سڤیل و ژێرخان و سەرخانى ئەو ناوچانەى دەچنە ناوى.
ڕووبەڕووی گرووپە چەکدارەکان دەبینەوە
بەڵام یەپەژە دەڵێت، ڕووبەڕووى گرووپە چەکدارەکان دەبنەوە و بەرگری لە خاک و نەتەوەکەمان دەکەین. یەپەژە ئەو هێزەى 13 ساڵە، ڕووبەڕووى هێرش و پەلامارەکانى داعش و سووپاى تورکیا و دەسەڵاتى ئەسەد و گرووپە چەکدارە پشتیوانیکراوەکان و گرووپەکانى سەر بە حکومەتەکەى شەرع دەبنەوە.
دروشمی یەپەژە
دروشمیان "بەرخۆدانا ڕۆژئاڤایە"، ئەوان گرووپێکی چەکداریی ژنن و لە نیسانى 2013 دامەزراون، لە ژن و کچى چاپووکى ڕۆژئاواى کوردستان و کەمینەیەک لە نەتەوەکانى دیکەى سووریا، بۆ بەرگریکردن لە ناوچەکانی کوردییەکان چەکیان کردووەتە شان.
ناباونگی یەپەژەڕۆژئاوای بڕیوە
ناوبانگى یەپەژە ڕۆژئاواى بڕیوە و بوون بە سیمبوول و هێماى بەرخۆدان و فیداکاریی بۆ خاک و نەتەوەکەیان، ئەوان لە بەرخۆدانى کۆبانیی داستانیان نووسییەوە، سەدان شەهید و هەزاران برینداریان هەیە، هێزێکى ڕاهێنراوى تۆکمەن و هاوشانى شەڕڤانانى پیاو ڕووبەڕووى هێرش و پەلامارەکانى دووژمنەکانیان دەبنەوە.
20/01/2026