هەسەدە کشانەوەی خۆی لە کەمپی هۆل ڕاگەیاند
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کشانەوەی خۆی لە کامپی هۆل لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند، کە هەزاران چەکداری ڕێکخراوی داعشی تێدا دەستبەسەرە و زیندانیکراون.
بە گوێرەى ڕاگەیەندراوێکى هێزەکانى سووریاى دیموکرات هەسەدە، کشانەوەى هێزەکانیان لە کەمپى هۆل لە خۆرئاواى کوردستان ڕاگەیاند.
گوێنەگرتن لە مەترسییەکانی دۆسیەی داعش
هەسەدە لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژەى بەوەکردووە، بەهۆى ئەو هەڵوێستەى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى و گوێ نەگرتنیان لەبەرامبەر مەترسییەکانى دۆسییەى داعش و لە ئەستۆ نەگرتنى بەرپرسیارێتى ئەو بابەتە هەستیارە لەلایەن کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی.
کشاونەتەوە ئەو شوێنانەی مەترسی گەورەیان لەسەرە
هەسەدە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕوونیکردووەتەوە، هێزەکانیان ناچار بوون لە کەمپى هۆل بکشێنەوە و بڕۆنە ئەو ناوچانەى لە دەورووبەرى ناوچەکانى شارەکانى ڕۆژئاواى کوردستان، کە ئێستا مەترسى گەورەتریان لەسەرە لەلایەن ئەو هێرش و پەلامارانەى دەکەرێتە سەر ناوچەکانیان.
ترسناکترین کەمپی لە ڕۆژئاوای کوردستان
کامپی هۆل بە گەورەترین و ترسناکترین کامپ دادەنرێت لە رۆژئاوای کوردستان، دەکەوێتە گوندەواری رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەوە و نزیکەی 27 هەزار خێزان و ژن و منداڵی داعشی تیادا نیشتەجێیە و لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش بەڕێوەدەبرێت.
زۆرینەی دانیشتوانەکەی هاوڵاتی سوورین
لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو، جیهان حەنان، لێپرسراوی کامپی هۆل بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ئێستا لە کامپەکە 27 هەزار کەس هەن، کە سەر بە زیاتر لە 40 نەتەوەی جیاوازن، ئەوانیش پێکدێن لە نزیکەی 15 هەزار هاوڵاتیی سووری، شەش هەزار و 300 ژن و منداڵی بیانی و نزیکەی پێنج هەزار هاوڵاتیی عێراقی.
عێراق زۆرترین هاوڵاتی خۆی وەرگرتووەتەوە
لەکاتێکدا زۆرێک لە وڵاتانی رۆژئاوا رەتیدەکەنەوە هاوڵاتییانیان وەربگرنەوە، عێراق لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەدایە کە پەلەیکردووە لە گەڕانەوەی هاوڵاتییەکانی و لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 10 هەزار هاوڵاتیی عێراقی بە 11 گرووپی جیاواز لە کامپەکەوە گەڕێندراونەتەوە و حکومەتی عێراق لە بەرنامەیدایە ئەو پێنج هەزار عێراقییەی دیکەش بگەڕێنێتەوە.
20/01/2026