پارتی ئازادیی کوردستان: پێشمەرگەیەکمان بەهۆی هێرشی ئێرانەوە شەهید بوو
کیژان مەحمود 21/01/2026
پارتی ئازادیی کوردستان (PAK) لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاشکرای کرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 21ـی کانوونی دووەمی 2026، سوپای ئێران هێرشی کردووەتە سەر بارەگایەکی "سپای میللیی کوردستان". بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، هێرشەکە لە ڕێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ـەوە ئەنجامدراوە.
ناسنامەی قوربانییەکە
لە ئەنجامی هێرشەکەدا ئەندامێکی ئەو حزبە گیانی لەدەستداوە. پارتی ئازادیی کوردستان ڕایگەیاندووە، قوربانییەکە ناوی "محەممەد ساڵح محەممەدی"ـیە و ناسراوە بە "نەبەز". ناوبراو ئەندامی PAK و ئەندامی یەکەی لۆجستیکی سپای میللیی کوردستان بووە.
پەیامی PAK بۆ ئێران
پارتی ئازادیی کوردستان لە کاردانەوەی هێرشەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە "ڕۆڵەکانی کوردستان هەرگیز بە پەلامار و زەبروزەنگ بەچۆکدا نایەن". لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، ڕێگای ڕاماڵینی هێزەکان و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی بەردەوام دەبێت.
کیژان مەحمود
21/01/2026