دەروازە سنوورییەکانى نێوان سووریا و عێراق و هەرێمى کوردستان

وێنەیەکی دەروازەی سنووریی قائیم لە دیوی عێراق. فۆتۆ: ئاژانسی هەواڵی عێراق
وێنەیەکی دەروازەی سنووریی قائیم لە دیوی عێراق. فۆتۆ: ئاژانسی هەواڵی عێراق

گرژیى و ئاڵۆزییەکانى چەند ڕۆژى ڕابردووى نێوان هێزەکانى حکومەتى ڕاگوزەرى سووریا و هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە) لە ڕۆژئاواى کوردستان و بەهۆى نزیکى ناوچەکانى شەڕ و پێکدادانەکان لە سنوورى عێراق حکومەتى عێراقى ناچار کردووە کە هێزى سەربازیى ڕەوانەى سنوورەکانى لەگەڵ سووریا بکات ئەمە جگە لەوەى کە لەسەر ڕووبەرى 400 کیلۆمەتر دیوارێکى کۆنکرێتى دروستکردووە.

سنووری عێراق و سووریا

درێژی سنووری نێوان سووریا و عێراق بە نزیکەی 600 بۆ 615 کیلۆمەتر دەخەمڵێندرێت و سنوورەکە هەردوو پارێزگای حەسەکە و دێرەزوور لە سووریا بە پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار لە عێراق دەبەستێتەوە، جگە لەوەی بەشێک لە سنوورەکە دەکەوێتە سنووری پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان.

سنووری ڕۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان

ڕۆژئاواى کوردستان لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ هەرێمى کوردستان هاوسنوورە  و سنوورەکانی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و ڕۆژئاواى کوردستان سنووری نێوان دوو دەوڵەت نین، بەڵکو هێڵێکی جیاکەرەوەن لەنێوان دوو قەوارەی کارگێڕیی کوردیی هاوسێدا

دروستکردنی دیواری کۆنکرێتی

عێراق پرۆژەی دروستکردنی دیوارێکی کۆنکرێتی دابڕێنەر و خەندەق و کامێرای حەراری لەسەر ڕووبەری 400 کیلۆمەتر لە شریتی سنوورییەکە تەواو کردووە.

ڕووبەری ڕۆژئاوای کوردستان

لەنێو پارچە دابەشکراوەکانی کوردستانی گەورەدا، ڕۆژئاواى کوردستان کەمترین ڕووبەری هەیە کە 31 هەزار کیلۆمەترە.

هەڵکەوتەی دەروازە سنوورییەکان

قائیم  - عێراق  /  ئەلبوکەمال – سووریا؛ لەدیوى عێراق  دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار و لەدیوى سووریا دەکەوێتە پارێزگاى دێرەزوور.

وەلید – عێراق / تەنەف – سووریا؛ لەدیوى عێراق دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار و لەدیوى سووریا دەکەوێتە پارێزگاى حومس.

ڕەبیعە – عێراق / یەعروبیە (تل کۆچەر)  - سووریا؛ لەدیوى عێراق دەکەوێتە پارێزگای نەینەوا و لە دیوى سووریا دەکەوێتە پارێزگاى حەسەکە

پێشخابوور - هەرێمى کوردستان /  سێماڵکا - ڕۆژئاواى کوردستان؛ لە دیوى هەرێمى کوردستان دەکەوێتە پارێزگاى دهۆک و لە دیوى ڕۆژئاواى کوردستان دەکەوێتە پارێزگای حەسەکە .