سیاسەتە ئابوورییەکان و سەپاندنی باجی گومرگی بوونەتە هۆی نیگەرانی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا

کۆی قەرزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوەکو کۆتایی ساڵی ڕابردوو گەیشتووەتە 38 تریلیۆن دۆلار. ئەمریکا کە وەک جەمسەرێکی گەورەی ئابووری لە بەرامبەر چین دەبینرێت، قەرزێکی نێودەوڵەتی زۆری لەسەرە، بەجۆرێک کە کۆی قەرزی وڵاتانی جیهان لای ئەمریکا دەگاتە 9 تریلیۆن و 350 ملیار دۆلار. ئەم قەرزانە دابەشبوون بەسەر چەندین وڵاتدا کە وەک سەرچاوەی دارایی بۆ ئەمریکا کار دەکەن.

لیستی 10 وڵات کە زۆرترین قەرزیان لای ئەمریکایە

بەگوێرەى ئامارەکان، 10 وڵات لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین قەرزیان لای ئەمریکایە. وڵاتی ژاپۆن بە 1.2 تریلیۆن دۆلار لە پلەی یەکەم دێت، بەریتانیا بە 888 ملیار دۆلار لە پلەی دووەم و چین بە 682 ملیار دۆلار لە پلەی سێیەمدا جێگیر بووە. وڵاتانی دیکەش بریتین لە: بەلجیکا 481 ملیار دۆلار، کەنەدا 472 ملیار دۆلار، جەزیرەی کایمان 471 ملیار دۆلار، لۆکسەمبۆرگ 425 ملیار دۆلار، فەڕەنسا 376 ملیار دۆلار، ئیرلەندا 340 ملیار دۆلار و تایوان 312 ملیار دۆلار.

هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکان و درز لە پەیوەندییە ئابوورییەکان

ئەندامێتی ئەمریکا لە هاوپەیمانی ناتۆ و گرووپەکانی G7 و G20 وەک سندوقێکی دارایی بۆ دابینکردنی قەرزەکانی بەکارهاتووە. لە ئێستادا بەشێک لە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا نیگەرانی خۆیان لە سیاسەتە ئابوورییەکانی ئەمریکا دەربڕیوە. دروستبوونی درز لەم هاوپەیمانێتیانە وایکردووە وڵاتانی هاوپەیمان ئامادە نەبن لەبەرژەوەندی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ پاشەکشە لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆیان بکەن.

پەیامی فەڕەنسا و کەنەدا لە داڤۆس و ڕووکردنە چین

بەرپرسانی فەڕەنسا و کەنەدا لە کۆڕبەندی داڤۆس پەیامێکی ڕاستەوخۆیان ئاراستەی ئەمریکا کرد و ڕایانگەیاند، کە مامەڵەی بازرگانی زۆر باشیان لەگەڵ چین هەیە و بەردەوام دەبن لەو پەیوەندییە. لە کاتێکدا ئەمریکا چین بە نەیاری سەرسەختی ئابووری خۆی دەزانێت، هاوپەیمانەکانی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە سەپاندنی باجی گومرگی، ئەوا ئەوان زیاتر ڕوو لە چین دەکەن و گەلەکۆمەی ئابووری دژی واشنتن دروست دەبێت.

کێشەی گرینلاند و هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا

سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر بە کڕینی گرینلاند لە دانیمارک بە بڕی 700 ملیار دۆلار، ڕووبەڕووی دژایەتی هاوپەیمانەکانی بووەتەوە. بەریتانیا وەک یەکێک لە هاوپەیمانەکان هێزی سەربازی بۆ هەرێمی گرینلاند ناردووە، ئەمەش وەک هەڵوێستێک دژی سیاسەتەکانی سەرۆکی ئەمریکا دەبینرێت. چین ئەم دەرفەتە بەکاردەهێنێت بۆ پێشخستنی ئابووری خۆی و بەهێزکردنی مامەڵە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە لە سیاسەتی ئابووری ئەمریکا ناڕازین.

مەترسی شکانی بەهای دۆلار و دووبارەبوونەوەی قەیرانی 2008

بەردەوامی قەرزەکان و دژایەتی هاوپەیمانەکان مەترسی لەسەر بەهای دۆلار دروست دەکات. ئەگەر ئەمریکا نەتوانێت هاوسەنگی ئابووری ڕابگرێت، ئەوا ئەگەری هەیە هاوشێوەی ساڵی 2008 تووشی قەیرانێکی دارایی و بانکی قووڵ ببێتەوە. پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە قەیرانی داهاتوو ڕەنگە زۆر سەختتر بێت لەوەی ساڵی 2008 و ببێتە هۆی ئیفلاسبوونی چەندین بانکی گەورە و داڕمانی زیاتری ژێرخانی دارایی ئەمریکا.