شارەزایان: تاوەکو ساڵی 2035 نرخى مس دەگاتە 15,000 دۆلار
لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە، بازاڕی جیهانیی مس بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمارکرد و نرخی هەر تۆنێک گەیشتە 12,000 دۆلار. ئەم زیادبوونە دوای ئەوە دێت کە لە ساڵی 2025 نرخەکان بە ڕێژەی 35% بۆ 40% بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینی، ئەمەش بە بەهێزترین شەپۆلی گرانبوون لە دوای کۆتاییەکانی ساڵانی 2000ـەوە دادەنرێت. هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم بەرزبوونەوەیە بریتین لە سنوورداربوونی دابینکردن، گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان و زیادبوونی خواست لەسەر ئەم کانزایە.
پێشبینییەکانی داهاتوو و گەشەی قەبارەی بازاڕی جیهانیی مس
شارەزایانی بۆڕسە پێشبینی دەکەن لە ساڵی 2026 نرخەکان کەمێک دابەزین بەخۆوە ببینن و لە نێوان 10,000 بۆ 11,000 دۆلار جێگیر بن، بەڵام بۆ مەودای درێژخایەن پێشبینی دەکەن تاوەکو ساڵی 2035 نرخی هەر تۆنێک مس بگاتە 15,000 دۆلار. قەبارەی بازاڕی جیهانیی مس کە لە ساڵی 2024دا بە 237 ملیار دۆلار خەمڵێنرابوو، چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو ساڵی 2032 گەشە بکات و بگاتە 362 ملیار دۆلار.
وڵاتانی بەرهەمهێنەر و پشکی چین و ئەمریکا لە بازاڕدا
بەرهەمی گشتیی مس لە جیهاندا 23 ملیۆن تۆنە. چین بە گەورەترین وڵاتی خاوەن مس دادەنرێت و 40%ـی مسی جیهانی لەدەستدایە، کە ساڵانە 1.8 ملیۆن تۆن بەرهەم دەهێنێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 18%ـی پشکی جیهانی هەیە و ساڵانە 1.1 ملیۆن تۆن بەرهەم دەهێنێت، کە زۆرینەی لە ویلایەتی ئەریزۆنایە. وڵاتانی دیکەی وەک چیلی، کۆنگۆ، پیرۆ، ئیندۆنیزیا و ڕووسیا لە ڕیزی پێشەوەی وڵاتانی بەرهەمهێنەرن.
گرنگیی ستراتیژیی مس لە کەرتی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد
مس وەک کەرەستەیەکی سەرەکی لە پیشەسازییە مۆدێرنەکاندا بەکاردێت، بەتایبەت لە پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد (AI)، تۆڕەکانی کارەبا، تۆڕباینەکانی با و ئۆتۆمبێلی کارەبایی. بەهۆی ئەم گرنگییە ستراتیژییەوە، وڵاتانی وەک ئەمریکا سەرەڕای ئەوەی خۆیان بەرهەمهێنەرن، بەڵام بەردەوام مس هاوردە دەکەن و بڕێکی زۆری وەک کۆگای ستراتیژی هەڵدەگرن بۆ دڵنیابوونەوە لە دابینکردنی وزەی نوێبووەوە.
بازاڕی مس لە هەرێمی کوردستان و ڕووکردنی هاونیشتمانییان بۆ کڕینی
لە هەرێمی کوردستان، نرخی یەک کیلۆ مسی قاڵبی ڕووسی گەیشتووەتە 46 دۆلار. لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا خواست لەسەر کڕینی مس لە بازاڕەکانی ناوخۆ زیادی کردووە، بە جۆرێک بەشێک لە هاونیشتمانییان وەک وەبەرهێنان و بۆ دەستکەوتنی قازانجی دارایی پەنایان بۆ کڕینی مس بردووە، هاوشێوەی ئەو خواستەی کە لەسەر زێڕ و زیو هەیە، ئەوەش بەهۆی ئەو پێشبینییانەی کە ئاماژە بە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکەی دەکەن لە چەند ساڵی داهاتوودا.
22/01/2026