لە بەلجیکا بە چەقۆ هێرشکرایە سەر خۆپیشاندەرانى کورد

شەوى ڕابردوو، هێرشکارێک بە چەقۆ هێرشیکردە سەر خۆپیشاندانێکی ڕەوەندی کوردی لە بەلجیکا، بەهۆی هێرشەکەوە شەش کەس بریندار بوون کە برینی دووانیان ناجێگیرە.

پشتیوانى ڕۆژئاواى کوردستان

خۆپیشاندانەکەی ڕەوەندى کوردی لەو وڵاتە بۆ پشتیوانیی لە ڕۆژئاواى کوردستان لە گۆڕەپانی ئۆپرا لە شاری ئەنتوێرب ڕێکخرابوو.

چوار کەس دەستگیرکراون

گوتەبێژێک بەناوى پۆلیسى وڵاتەکەوە ڕایگەیاند، پۆلیس لە شوێنى ڕووداوەکە بوون، توانیویانە چوار گومانلێکراو دەستگیربکەن و لەو شەش کەسەش کە برینداربوون، دووانیان دۆخى تەندروستییان ناجێگیرە.

خۆپیشاندانى ڕەوەندى کوردى لە ئەورووپا

لەپاش هێرشى هێزەکانى حکومەتى سووریا و گرووپە چەکدارەکان بۆسەر رۆژئاواى کوردستان، لە هەرێمى کوردستان و باکوورى کوردستان و وڵاتانى ئەورووپا، خۆپیشاندانى ناڕەزایی بۆ پشتیوانیی لە ڕۆژئاواى کوردستان دەستیپێکردووە و ڕۆژانەش ناڕەزاییەکان بەردەوامییان هەیە.