بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى پاراستن و چاککردنەوە سەرقاڵى پاککردنەوەى رێگەکانن

بەفربارین لە تەواوى ناوچەکانى هەرێمى کوردستانى دەستیپێکردووە و بەوهۆیەوە رێگاى سەرەکى زۆرێک لە ناوچە جیاوازەکان گیراون و تیمەکانى بەڕێوەبەرایەتى گشتى پاراستن و چاککردنەوە سەرقاڵى پاککردنەوەى رێگاکانن.

سەنتەرى شارەکانى گرتووەتەوە

بەگوێرەى پێشبینییەکانى بەڕێوەبەرایەتى گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانى هەرێمى کوردستان، ئەم شەپۆلە سەنتەرى شارەکانى دهۆک و هەولێر و سلێمانى و کەرکوک و هەڵەبجەى گرتووەتەوە.

لەناوچەکانى باشوور نمەبارانە

لە بەشێکى ناوچەکانى باشوور لەگەڵ بەفربارین نمەبارانیش دەبارێت، پلەکانى گەرما بەشێوەیەکى بەرچاو دادەبەزێت بەجۆرێک، لە هەندێک ناوچەى وەک حاجى ئۆمەران بۆ -4 پلەى سەدى دادەبەزێت.

دابەزینى ئاستى بینین بۆ کەمتر لە 1 کیلۆمەتر

بەگوێرەى پێشبینییەکانى کەشناسی ئاستى بینین لە کاتی بەفر بارین بۆ کەمتر لە یەک کیلۆ مەتر کەمدەبێتەوە، خێراى با لەهەندێک کاتدا دەگاتە 5 بۆ 15 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، بە تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی و کرکووک و ئیدارەی گەرمیان.

هۆشدارى بەشۆفێران دەدرێت

لە راگەیێندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتى گشتى پاراستن و چاککردنەوەى رێگاوبان هۆشدارى دەدات بە شۆفێران کە بەهۆى دابەزینى پلەکانى گەرما بەستەلەک و شەختە لە رێگاکان درووست دەبێت و داوا لە شوفێران و گەشتیاران دەکات هاتووچۆکانایان سنوردار بکەن.