دوای 23 ساڵ کەشتیی ئەبراهام لینکۆڵن جوڵەی پێکرا

بۆ یەکەمجار لە دوای جەنگی ئەمریکا لە عێراق، لە دوای ساڵی 2003ـەوە ئەمریکا گەورەترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگر ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

کەشتیگەلى تێکشکێنەر بەڕێگاوەن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ڕایگەیاند، کەشتیی ئەبراهام لینکۆڵن و چەند کەشتییەکی تێکشکێنەری دیکە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێدەکەون.

ڕێگریکردن لەهەر دۆخێکى نەخوازراو

سەرۆکی ئەمریکا، لە ڕێگەی گەڕانەوەیدا لە سویسراوە بۆ واشنتن، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان لە کۆربەندی داڤۆس، لەسەر فڕۆکەی 'ئەیەر فۆڕس وەن'ـەوە ڕایگەیاند، ژمارەیەکی زۆری کەشتیی جەنگی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەجوڵێنن، مەبەست لەم جوڵەپێکردنەش ڕێگریکردنە لە هەر دۆخێکی نەخوازراو.

ترەمپ خوازیارى چیە؟

دۆناڵد ترەمپ گوتی: "نامەوێت هیچ شتێک ڕووبدات، بەڵام زۆر لە نزیکەوە چاودێری دەکەین".

بەهێزکردنى پێگەى ئەمریکا

بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، ناردنی کەشتیی زەبەلاحی ئەمریکیی ئەبراهام لینکۆڵن و ژمارەیەک کەشتیگەلی جەنگیی دیکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە مووشەکی ڕێنمایی کراو و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بەهێزیان هەڵگرتووە، بەهێزکردنی پێگەی ئەمریکایە لە ناوچەکە، بۆ ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا.

کەى دەگەنە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست؟

بەرپرسێکی هێزی دەریایی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن و سێ کەشتی تێکشکێنەری دیکەی ئەمریکی بەڕێگاوەن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بگەن بە ناوچەکە.

ئامانجەکە ئێرانە؟

کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لەنێویاندا فڕۆکەهەڵگری 'یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن' و چەندین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری دیکەش هەفتەی ڕابردوو لە ناوچەکانی ئاسیا و زەریای هێمنەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیان بە جووڵە کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە دوای خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێرانەوە پەرەی سەندووە.

کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن

ناوی یەکێک لە سەرۆکەکانی ئەمریکایە

لە گەورەترین کەشتییە جەنگییەکانی جیهانە

لە ساڵی 1989 خراوەتەکار

بەهێزی ئەتۆمی کاردەکات

دەتوانێت زیاتر لە 20 ساڵ بەبێ سووتەمەنی کاربکات

خێراییەکەی زیاترە لە 34 میلی دەریایی لە کاتژمێرێکدا

نزیکەی 100,000 تۆن هەڵدەگرێت

توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 90 فڕۆکەی هەیە

تیمەکەی لە زیاتر لە 5,000 سەرباز پێکدێت

1991 بەشداری لە ئۆپراسیۆنی گەردەلولی بیاباندا کردووە

1992- 1993 بەشداری ئەرکی لە سۆماڵ کردووە

1998 بۆردوومانی سوودان و ئەفغانستانی کردووە

2001 لە کۆنترۆڵکردنی ئەفغانستان بەشداربوو

2003 لە پرۆسەى ئازادکردنی عێراق بەشداربوو