فەرمانگەی میدیا و زانیاری: 100 گەنجی دیکەی کۆچبەر لە لیبیاوە گەڕێندرانەوە

کەناڵ8 23/01/2026
ژمارەیەک کۆچبەری گیرخواردوو لە لیبیا
ژمارەیەک کۆچبەری گیرخواردوو لە لیبیا

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتى هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە هەماهەنگی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، سەرکەوتوو بوون لە گەڕاندنەوەی کاروانێکی دیکەی کۆچبەران.

گەڕاندنەوەی سەلامەت

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاندووە، رۆژی هەینی، ڕێکەوتی 23ی کانوونی دووەمی 2026، کاروانی پێنجەمی ئەو گەنجانەی هەرێمی کوردستان کە لە وڵاتی لیبیا لە کاتی هەوڵدانیان بۆ کۆچی نایاسایی بەرەو وڵاتانی رۆژئاوا دەستگیرکرابوون، بە سەلامەتی گەڕێندرانەوە بۆ ناو هەرێمی کوردستان.

100 گەنج گەڕێندراونەتەوە

ژمارەی ئەو گەنجانەی لەم کاروانەدا گەڕێندراونەتەوە پێکهاتبوون لە 100 گەنج، کە بەپێی ئامارەکان زۆرینەیان دانیشتووی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن و پرۆسەکەش بەردەوامە و بڕیار وایە کاروانی شەشەمیش لە رۆژانی داهاتوودا بگەنەوە هەرێمی کوردستان.

گرنگیی خۆپارێزیی گەنجان

حکومەتی هەرێم جارێکی دیکە جەخت لەسەر پێویستی و گرنگیی خۆپارێزیی گەنجان و خانەوادەکانیان دەکاتەوە لە گرتنەبەری رێگەی کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات.

202 کۆچبەر ڕزگارکراون

فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەشڵێت، تاوەکو  ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی 202 کۆچبەری نایاسایی لە بارودۆخە جیاوازەکان ڕزگار بکات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. لە ئێستاشدا تیمێکی تایبەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ناو خاکی لیبیان و بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ ڕزگارکردن و هێنانەوەی ئەو کۆچبەرە کوردانەی تری کە هێشتا لەوێ ماون و بارودۆخی ژیان و تەندروستییان لە مەترسیدایە.

کەناڵ8

23/01/2026