میدیای ئیسرائیل: ئەحمەد شەرع جۆلان و جەبەل ئەلشێخ بۆ ماوەی 25 ساڵ بەکرێ دەدات بە ئیسرائیل

ئاڵای ئیسرائیل و سووریا
ئاڵای ئیسرائیل و سووریا

میدیای ئیسرائیل بە پشت بەستن بە سەرچاوەکانی نزیک لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر، وردەکاریی ڕێککەوتنێکی نوێی نێوان دیمەشق و تەلئەبیبی ئاشکرا کرد. تۆڕی هەواڵی "iNews 24"ـی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، بڕیارە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا کۆبوونەوەیەکی باڵا لە نێوان بەرپرسانی سووریا و ئیسرائیل بەڕێوەبچێت. مەبەستی سەرەکیی ئەم دیدارە کەمکردنەوەی گرژییە ئەمنییەکان و گۆڕینی ناوچە جێناکۆکەکانە بۆ ناوچەی هەماهەنگیی ئابووریی هاوبەش.

کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە دیمەشق لەژێر فشاری دۆناڵد ترەمپ

بەپێی ڕاپۆرتەکان، پێشبینی دەکرێت پێش کۆتایی ساڵی 2026، باڵیۆزخانەی ئیسرائیل بە فەرمی لە شاری دیمەشق بکرێتەوە. سەرەتا حکومەتی ڕاگوزەری سووریا پێشنیاری کردبوو تەنیا نووسینگەی پەیوەندییەکان هەبێت، بەڵام لەژێر فشاری ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەحمەد شەرع ڕازی بووە بە کردنەوەی باڵیۆزخانەی تەواو لە وڵاتەکەیدا و چوونە ناو "ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم".

یەکلاکردنەوەی پرسی درووزەکان هاوشێوەی پرۆسەی مامەڵەکردن لەگەڵ کورد

یەکێکی دیکە لە خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە، یەکلاکردنەوەی دۆخی پێکهاتەی درووزەکانە لە باشووری سووریا. میدیای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە کە مەرجی دیمەشق گەیشتنە بە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە یەکخستنی درووزەکان لە باشوور، کە ئەم هەنگاوە هاوشێوەی ئەو پڕۆسە سیاسی و ئەمنییانە دەبێت، کە ئێستا لەگەڵ کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەنرێت.

بەکرێدانی جۆلان بۆ ماوەی 25 ساڵ و دروستکردنی پارکی ئاشتی

بەپێی پێشنیارەکەی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا، بەرزاییەکانی جۆلان و جەبەل ئەلشێخ بۆ ماوەی 25 ساڵ بەکرێ دەدرێن بە ئیسرائیل. بڕیار وایە سروشتی ئەم ناوچانە بگۆڕدرێت بۆ پڕۆژەی ئابووریی هاوبەش و بە فەرمی ناوی "پارکی ئاشتی"یان لێ بنرێت، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ ئاسایی کردنەوەی تەواوەتیی پەیوەندییەکان و کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکانی نێوان هەردوو لایەن.