وەبەرهێنانی سلێمانی: لە ساڵی 2025دا کۆی سەرمایەگوزاری گەیشتووەتە 2.810 ملیار دۆلار

بەپێی نوێترین داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی سلێمانی، لە ماوەی ساڵی 2025دا، فەرمان بۆ دەرکردنی 55 مۆڵەتی نوێ دەرکراوە. هاوکات 11 مۆڵەتی وەبەرهێنان فراوانکردن و هەموارکردنەوەیان بۆ کراوە و 23 مۆڵەتی دیکەش تایبەت بووە بە پەرەپێدان و نوێکردنەوەی پڕۆژە پیشەسازییەکان. بەمەش کۆی گشتی مۆڵەتە نوێیەکان و هەموارکراوەکان لەو ساڵەدا گەیشتووەتە 89 مۆڵەت.

دابەشبوونی مۆڵەتە نوێیەکان بەسەر کەرتە پیشەسازی، بازرگانی و نیشتەجێبوونەکاندا

لە کۆی 55 مۆڵەتە نوێیەکەی ساڵی 2025، کەرتە ئابوورییەکان بەم شێوەیەی خوارەوە پشکیان بەرکەوتووە:

کەرتى پیشەسازى: 18 مۆڵەت بە گوژمەى 757,770,000 دۆلار.

کەرتى نیشتەجێبوون: 13 مۆڵەت بە گوژمەى 1,015,000,000 دۆلار.

کەرتى بازرگانى: 15 مۆڵەت بە گوژمەى 155,949,000 دۆلار.

وەبەرهێنان لە کەرتەکانی تەندروستی، پەروەردە، بانک و خزمەتگوزاری

جگە لە کەرتە سەرەکییەکان، مۆڵەتە نوێیەکانی ساڵی 2025 کەرتە خزمەتگوزارییەکانی دیکەشی گرتووەتەوە:

کەرتى تەندروستى: 3 مۆڵەت بە گوژمەى 47,994,000 دۆلار.

کەرتى پەروەردە: 2 مۆڵەت بە گوژمەى 16,362,000 دۆلار.

کەرتى خزمەتگوزارى: 1 مۆڵەت بە گوژمەى 25,475,000 دۆلار.

کەرتى بانک: 1 مۆڵەت بە گوژمەى 14,872,000 دۆلار.

کەرتى هونەرى: 1 مۆڵەت بە گوژمەى 7,871,000 دۆلار.

ڕێژەی سەدی سێکتەرەکان و کۆی سەرمایەی پڕۆژەکان

لە ساڵی 2025دا، سێکتەری پیشەسازی بە ڕێژەی 33% لە پلەی یەکەمدا بووە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، بەدوایدا سێکتەری بازرگانی بە 27% و نیشتەجێبوون بە 24% هاتوون. کەرتەکانی تەندروستی 5%، پەروەردە 3% و بانک و خزمەتگوزاری هەر یەکەیان 2%ـی مۆڵەتەکانیان پێدراوە. کۆی سەرمایەگوزاری 55 مۆڵەتە نوێیەکە 2.044 ملیار دۆلار بووە، لەگەڵ 766,884,000 دۆلار بۆ ئەو 34 مۆڵەتەی هەموارکراونەتەوە، کە کۆی گشتی سەرمایەگوزارییەکە دەگەیەنێتە 2.810 ملیار دۆلار.

بەراوردکاری وەبەرهێنان لە نێوان ساڵی 2025 و دوو دەیەی ڕابردوو

لە ماوەی نێوان ساڵانی 2004 تاوەکو کۆتایی 2024 (21 ساڵ)، ژمارەی مۆڵەتەکان 333 مۆڵەت بووە و گوژمەی سەرمایەگوزاری 19.449 ملیار دۆلار بووە. بەراوردکارییەکان دەریدەخەن کە لە ساڵی 2025دا، سەرەڕای کێشە داراییەکان و کەمبوونەوەی جوڵەی بازاڕ، وەبەرهێنانی سلێمانی توانیویەتی قەبارەیەکی بەرچاو لە سەرمایە ڕابکێشێت. بەرپرسانی ئیدارەی شارەکە و بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنان ئاماژە بەوە دەکەن کە کارئاسانیی کارگێڕی و کەمکردنەوەی ڕۆتین هۆکار بوون بۆ ئەم وەرچەرخانە ئابوورییە نوێیە لە سلێمانی.