هۆکارەکانی قەبزی بزانە
قەبزی ئەو حاڵەتەیە کە تێیدا کەسێک لە هەفتەیەکدا کەمتر لە دوو بۆ سێ جار پیسایی دەکات، لەکاتێکدا ئەم کەسە پێشتر وانەبووە.
قەبزی گرفتێکی باوە و هۆکارەکانی دەکرێت کەمیی رێژەی ڕیشاڵ و شلەمەنی بێت لە ژەمەکاندا و کەمیی وەرزشکردنیش بە هۆکارێکی دیکە دادەنرێت. هاوکات، هەندێک نەخۆشیی دیکە و چەند جۆرێکی دەرمانیش هۆکارن بۆ توشبوون بە قەبزی.
نیشانەکانی قەبزی چین؟
- کەسەکە لە هەفتەیەکدا کەمتر لە سێ جار پیسایی دەکات
- پیسایی کەسەکە رەق و وشک دەبێت
- لەکاتی پیساییکردندا کەسەکە ئازاری بۆ دروست دەبێت
- رەنگی پیساییەکە هەندێجار دەگۆڕێت
- کەسەکە هەستدەکات هەموو پیساییەکەی نەکردووە
- هەستکردن بەوەی کەسەکە پێویستیی بە بەکارهێنانی پەنجەیە بۆ دەرهێنانی پیساییەکە
ئەگەر کەسێک دوو یان سێ لەم نیشانانەی قەبزیی هەبێت بۆ ماوەی زیاتر لە سێ مانگ، ئەوا قەبزیی درێژخایەنی هەیە.
چ کاتێک پێویستە کەسی توشبوو بە قەبزی سەردانی پزیشک بکات؟
- کاتێک نیشانەکان زیاتر لە سێ هەفتە بخایەنن
- نیشانەکان ئاستەنگ بۆ ژیانی رۆژانەی کەسەکە دروستبکەن
- خوێندانان
- هەبوونی خوێن لە پیساییدا
- رەشبوونی رەنگی پیسایی
- ئازاری سک
- دابەزینی کێش بەبێ پلانی کەسەکە
هۆکارەکانی توشبوون بە قەبزی چ ین؟
شێواز و ژمارەی جارەکانی پیسایی کردن لە هەفتەیەکدا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازن. بە شێوەیەکی گشتی، سێ جار پیسایی کردن لە رۆژێکدا بۆ سێ جار پیسایی کردن لە هەفتەیەکدا، ئاساییە.
قەبزی کاتێک روودەدات کە پیسایی بە هێواشی بە ریخۆڵە گەورەدا تێپەڕببێت، بەهۆی هێواش تێپەڕبوونی پیساییەکە بە کۆڵۆندا، جەستە زیاتر ئاوی ناو پیساییەکە هەڵدەمژێت و لە ئەنجامدا پیساییەکە وشک و رەق دەبێت و بە ئاسانی نایەتە دەرەوە.
ئەو هۆکارانەی پەیوەندییان بە شێوازی ژیانەوە هەیە بۆ هێواش تێپەڕبوونی پیسایی بە ریخۆڵە گەورەدا ئەمانەن:
- کەسەکە ئاو و شلەمەنیی پێویست نەخواتەوە
- بڕێکی کەم لە ریشاڵ لە ژەمەخۆراکیەکاندا هەبێت
- کەسەکە کەم وەرزش بکات
- کەسەکە ناچێت بۆ تەوالێت کاتێک پێویستی پێیەتی
دەکرێت چەند جۆرێکی دەرمانیش هۆکاربن بۆ توشبوون بە قەبزی:
قەبزی دەکرێت یەکێک بێت لە لێکەوتەکانی ئەو دەرمانانەی بۆ مەبەستی ئازار، بەرزەفشاری خوێن، پەرکەم، خەمۆکی، نەخۆشییە دەمارییەکان و هەستەوەرییەکان بەکاردێن.
لێکەوتە نەخوازراوەکانی قەبزی بۆ ماوەیەکی درێژ ئەمانەن:
- ئاوسانی شانەکانی دەوروبەری رێکە
- دڕانی شانەکانی دەوروبەری رێکە
- گەڕانەوەی پیسایی رەقبوو بۆناو ریخۆڵەگەورە
- هاتنە دەرەوەی بەشێک لە شانەکانی رێکە
ڕێگەکانی خۆپاراستن لە قەبزی:
- خواردنی خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە ریشاڵ وەکو سەوزە و میوە، پاقلەمەنییەکان و خواردنە دانەوێڵەییەکان
- کەمکردنەوەی خواردنە کەم ریشاڵەکانی وەکو خواردنە دەستکاریکراوەکان، شیرەمەنییەکان و گۆشت
- خواردنەوەی ئاو و شلەمەنیی زۆر
- وەرزشکردن
- رۆیشتن بۆ تەوالێت لە کاتی هەستکردن بە پیسایی هاتن
- پەرەپێدانی رۆتینێک بۆ کاتی پیساییکردن بەتایبەتی دوای ژەمەکان
26/01/2026