دانە غاز و كرێسێنت پترۆلیۆم بلۆکی غازی چەمچەماڵ بە کارگەکان دەفرۆشن
کۆمپانیای دانهغاز و کرێسێنت پترۆلیۆم ڕێککەوتننامەیەک بۆ فرۆشتنی غازی درێژخایەن واژۆ دەکەن، کە گاز بۆ بەشێک لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ لە سلێمانی و بەرهەمهێنەرێکی پۆڵا لە هەولێر دابیندەکەن و بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، ڕۆژانە بڕی 142 ملیۆن پێ سێجا گازیان پێدەدرێت.
فرۆشتنی بلۆکی غازی چەمچەماڵ
بەگوێرەی نوێترین ڕاگەیەندراوی دانە غاز کە بۆ کەناڵ8 نێردراوە، هەردوو کۆمپانیای دانەغاز و كرێسێنت پترۆلیۆم، كە هەردووكیان بنكەكەیان لە ئیماراتە، زنجیرەیەك ڕێككەوتنی درێژخایەنیان واژۆکردووە بۆ فرۆشتنی بلۆکی غازی چەمچەماڵ و بەكارهێنانەوەی لە پیشەسازییە گەورەكانی هەرێمی کوردستاندا.
بۆ ماوەی 10 ساڵ گاز بە کارگەکان دەدرێت
لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، لە نیوەی دووەمی 2027وە ڕۆژانە بۆ ماوەی 10ساڵ بڕی 142 ملیۆن پێ سێجا گاز دەدرێت بە کۆمپانیاکانی چیمەنتۆی ماس، بازیان، دێلتا، گاسن، لە سلێمانی و كۆمپانیای ڤان ستیل لە پارێزگای هەولێر.
لەچوارچێوەی زیادکردنی بەرهەمەدا
ئەو گازەی بۆ ئەم کۆمپانیایانە دابیندەکرێت، لە چوارچێوەی زیادکردنی بەرهەمهێنانی گازە لەلایەن دانهغاز و کۆمپانیای پترۆلیۆمی هیلال، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی 2025دا گەیشتن بە تەواوکردنی فراوانکردنی گاز بەبڕی 250 ملیۆن پێ سێجا، لە کێڵگەی کۆرمۆر، هەشت مانگ پێش وادەی تەواوکردنی.
بڕی بەرهەمهێنان
پرۆژە تەواوکراوەکە لە توانایدایە 250 ملیۆن پێ سێجا گاز بەرهەمبهێنێت لە ڕۆژێکدا، لەگەڵ بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی 460 تۆن گازی شل LPG و 7,000 بەرمیل کۆندێنسێت.
هۆکارن بۆ فراوانکردنی ژێرخانی وزە
مهجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کرێسێنت پترۆلیۆم و بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای دانهغاز، بەکەناڵ8ـی گوت، ئەو ڕێککەوتنانە هۆکارن بۆ بەرەوپێشبرن و فراوانکردنی ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستان، چونکە بەرهەمهێنانی گازی سروشتی زیاد دەکات و دەبێتە جێگرەوەی بەکارهێنانی وزەی ژینگە پیسکەر".
کێڵگەی چەمچەماڵ
کێڵگەی چەمچەماڵ، بەبەردەوامی کاری فراوانکردن و زیادکردنی بەرهەمهێنانی تێدا دەکرێت، بەجۆرێک کاردەکرێت لە دروستکردنی بۆرییەک بە درێژایی 10 کیلۆمەتر، کە ڕاستەوخۆ کێڵگەی غازی چهمچهماڵ بە بەکارهێنەرانی پیشەسازی لە ناوچەی بازیان دەبەستێتەوە.
غازی کۆرمۆر
وێستگەی غازی كۆرمۆر وزە بۆ بەرهەمهێنانی نزیکەی 80%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات، هاوکات وزەی پاک و گونجاو بۆ زیاتر لە شهش ملیۆن عێراقی لە ناوچەکە و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دابین دەکات.
26/01/2026