ڕۆژانە نرخی زێڕ و زیو بەرزبوونەوەی مێژوویی تۆماردەکەن
لەپاش بڕیارەکەی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا بۆ جێگیرکردنی ڕێژەی سوود لە 3.75%، نرخی کانزا گرانبەهاکان بەرزبوونەوەی بەرچاویان تۆمارکرد. نرخی یەک ئۆنسە زێڕ گەیشتە 5,535 دۆلار (بەرزترین ئاستی 5,602 دۆلاری بینی)، هەروەها نرخی یەک ئۆنسە زیو بۆ 118 دۆلار بەرزبووەوە. لە ماوەی 28 ڕۆژی ڕابردوودا، هەر ئۆنسەیەک زێڕ بڕی 1,016 دۆلاری چووەتەسەر.
دابەزینی ئیندێکسی دۆلار و تۆمەتەکانی سەر جیرۆم پاوڵ
ئیندێکسی دۆلاری ئەمریکی بەرەو دابەزین جووڵەی کردووە و گەیشتووەتە 96 خاڵ. ئەم دابەزینە بۆ کەمبوونەوەی متمانە بە سیاسەتی دراوی ئەمریکا دەگەڕێتەوە، چونکە جیرۆم پاوڵ لەلایەن وەزارەتی دادەوە بە دوو تۆمەت بانگێشت کراوە؛ یەکەمیان تێوەگلانی لە خەرجکردنی پارەیەکی زۆر لە نۆژەنکردنەوەی بینای بانکی ناوەندی، دووەمیشیان تۆمەتبارکردنی بەوەی لەژێر فشاری سەرۆکی ئەمریکادا بڕیارەکانی دەدات.
کاریگەریی دابەزینی بەهای دینار لەسەر نرخی زێڕ
لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، نرخی زێڕ بە ڕێژەیەکی زیاتر بەرزبووەتەوە. لە ماوەی 28 ڕۆژی ڕابردوودا، هەر مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە تێکڕا 294,000 دیناری چووەتەسەر. لەو بڕە، 214,000 دیناری پەیوەندی بە گرانبوونی زێڕ لە بازاڕە جیهانییەکانەوە هەیە و 80,000 دینارەکەی دیکەی بەهۆی دابەزینی بەهای دینارەوە بووە بەرامبەر دۆلار.
نرخی زێڕ لە بازاڕی زێڕینگەرانی هەرێمی کوردستان:
یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 24: 1,310,000 دینار.
یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21: 1,147,000 دینار.
یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 18: 984,000 دینار.
29/01/2026