هۆزان عەفرینى: کەناڵ8 لە ماوەی 2 ساڵی تەمەنیدا خزمەتێکی زۆری بەدۆزی ڕۆژئاواى کوردستان کردووە
هۆزان عەفرینی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستان، ستایشی پڕۆژەی کۆکردنەوەی هاوکارییەکانی کەناڵ8ی کرد بۆ ڕۆژئاوای کوردستان. ئاماژەی بەوەکرد، ئەم کەناڵە لە ماوەی 2 ساڵی تەمەنیدا خزمەتێکی زۆری بەدۆزی ڕۆژئاوا کردووەو ڕۆڵی کاریگەری هەبووە لە پشتگیریکردنی هاونیشتمانییانى ئەو پارچەیەی کوردستان.
گرنگیی هاوکارییەکان بۆ ناوچەکە
سەرۆکی ئەنجوومەنی پەنابەران، ڕاشیگەیاند، ئێستا تەواوی دانیشتووانی ڕۆژئاوای کوردستان چاویان لەو هاوکارییانەیە کە لە ڕێگەی ئەم کەمپەینەوە کۆدەکرێنەوە. جەختیشی کردەوە، کەناڵ8 پێشتریش لە کاتی شەڕی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود، ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە گواستنەوەی ڕاستییەکان و ڕووماڵکردنی وردی ڕووداوەکان.
سوپاسگوزاری بۆ بەشداربووانی کەمپەینەکە
هۆزان عەفرینی، سوپاسی سەرجەم ئەو کەسایەتی و لایەنانەی کرد کە بەشدارییان لەم هەڵمەتەدا کردووە. هەروەها ستایشی هەڵوێستی ئەو کەسانەی کرد کە ڕێگەیان نەدا میدیا عەرەبییەکان ڕاستییەکانی پەیوەست بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بشێوێنن و کار کراوە بۆ پاراستنی دروستیی زانیارییەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە.
29/01/2026