ژنانی ئەفغانستان بەهۆی دووگیانبوونی زۆر و توندوتیژییەوە ژیانیان لە مەترسیدایە

گران جاف 01/02/2026
خانمێکی دووگیان لە ئەفغانستان
خانمێکی دووگیان لە ئەفغانستان

لە ڕاپۆرتێکی زەگاردیاندا باس لە گرفتی نەبوونی ڕێگەکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی لە ئەفغانستان کراوە، لە ڕاپۆرتەکەدا چەند چیرۆکێکی ژنانی ئەفغانستان خراونەتەڕوو. .

پەروانەی 36 ساڵ یەکێک بووە لەو ژنانەی پێشتر بەهۆی جوانییەکەیەوە ناوبانگێکی زۆری هەبوو، بەڵام بەهۆی نۆ دووگیانبوون و شەش لەبارچوونەوە کە بەهۆی زەبری هاوسەرەکەیەوە دووچاری بووبووەوە، چیدی خۆی ناناسێتەوە و هۆشداریی تێکچووە.

دایکی پەروانە دەڵێت "کچەکەم وێرانە، بە ترس و دووگیانی و توندوتیژی بە تەواوی تەندروستیی تێکچووە".

لە ساڵی 2023، تاڵیبان بە شێوازێکی نافەرمی، ڕێگریکردنی لە دووگیانی قەدەغەکرد، واتە وردەوردە ڕێگریی لە دەرمانخانە و نەخۆشخانەکان کرد کە کۆندۆم و حەبی ڕێگریکردن و ڕێگەکانی دیکەی ڕێگریکردن لە دووگیانی بفرۆشن و بیدەن بە خانمان.

ئەم قەدەغەکردنە تاوەکو ئێستا بە هیچ جۆرێک بە فەرمی ڕانەگەیەنراوە، پزیشکان و مامانەکانی ئەفغانستان دەڵێن "پێداویستی و دەرمانەکان سەرەتا درەنگ دەگەیشتن، پاشان بڕێکی کەمتر هاوردە دەکرا، پاشان بە تەواوەتی وەستان لە هێنانی ئەم حەب و پێداویستییانە.

شاکیبە خانمێکی 42 ساڵە و دایکی 12 منداڵە، ئەو دەڵێت ناتوانێت هەستێتە سەر پێیەکانی بەبێ ئەوەی سەری گێژبخوات، بە بەردەوامی ئێسکەکانی ئازاری دەدەن و قژیشی بە بێ وەستان هەڵدەوەرێت، ئێستا بۆ جاری سیازدەیەم دووگیانە.

پزیشکێک لە کلینیکەکەی خۆیەوە گوتی "ڕۆژێک شەڕکەرەکانی تاڵیبان هاتن و هەموو ڕێگەکانی ڕێگریکردن لە دووگیانییان لەناو برد و هەڕەشەیان لێکردم و پێیان گوتم ئەگەر جارێکی دیکە ئەم دەرمانانە بفرۆشیت، کلینیکەکەت دادەخەین".

یەکێکی دیکە لەو گرفتە گەورانەی خانمان لە ئەفغانستان هەیانە، ئەوەیە کاتێک دووگیان دەبن، ناتوانن بە شێوازێکی زانستی منداڵەکانیان لەبارببەن، ئەگەریش بە هەر هۆکارێک دووچاری لەبارچوون بوونەوە، هیچ جۆرە چارەسەرێکی پزیشکی وەرناگرن، لە لایەکی دیکەشەوە ئەگەر منداڵەکەیان ببێت و کچ بێت، دووچاری لێدان و توندوتیژییەکی زۆر و جیابوونەوە دەبنەوە لە هاوسەرەکانیان، هەربۆیە بەشێک لەم خانمانە کاتێک دەزانن منداڵەکەی سکیان کچە، هەوڵدەدەن خۆیان منداڵەکە لەبارببەن، بۆ ئەمەش قورسایی هەڵدەگرن، خۆیان دەخەن یان دەرمان و گیراوەی ڕووەکی دەگرنەوە بۆئەوەی منداڵەکەیان لەبارببەن.

دوو ساڵ پێش ئێستا، لە پاش بومەلەرزەیەک، زارگۆنای 29 ساڵ لەگەڵ خێزانەکەی لە خێمەیەکدا دەمایەوە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەهۆی نەبوونی تەوالێتەوە دانەنیشتبوو، ئەمەش بووەهۆی گیرانی ڕیخۆڵەی، بەهۆی ئەم حاڵەتە مەترسیدارەیەوە نەشتەرگەرییەکی گەورەی بۆ کرا و پاش نەشتەرگەرییەکە، پزیشکەکەی هاوسەرەکەی ئاگادارکردەوە و پێی گوت کە دووگیانییەکی دیکە لەوانەیە زارگۆنا بکوژێت.

ساڵێک پاش نەشتەرگەرییەکەی، هاوسەرەکەی زۆری لێکرد و دووبارە دووگیان بووەوە، لە ماوەی دووگیانییەکەیدا ترس بەسەریدا زاڵ بووبوو، چەند جارێک هەوڵی لەناوبردنی منداڵەکەی دا بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، لەگەڵ ئەوەی ژیانی ئەم خانمە کەوتە مەترسییەکی گەورەوە، منداڵەکەی بوو و ئێستا بە بەردەوامی تووشی خوێنبەربوون و ئازاری زۆر دەبێت، سەرەڕای هەموو ئەمانەش هێشتا بەهۆی نەبوونی حەبی ڕێگریکردن لە دووگیانییەوە مەترسیی دووگیانبوونەوەی هەیە.

پزیشکان لە ئەفغانستان دەڵێن %80ـی خانمە دووگیانەکان زۆر لاوازن، بڕی پێویست لە بەها خۆراکییە گرنگەکانیان دەست ناکەوێت، توشی کەمخوێنی بوون و بەهۆی لاوازییەکەیانەوە جەستەیان بەرگەی دووگیانبوون ناگرێت.

یەکێکیش لە پزیشکەکان دەڵێت "توندوتیژیی جەستەیی هۆکاری سەرەکیی لەبارچوونی منداڵە، بە جۆرێک هەموو 24 کاتژمێرێک 100 خانم منداڵی دەبێت و 6 خانمیش منداڵیان لەباردەچێت، ئەم لەبارچوونانەش زۆربەیان بەهۆی لێدان و هەڵگرتنی قورساییەوەیە".

گران جاف

01/02/2026