چۆن خۆمان لە بەرگریی ئینسۆلین بپارێزین؟
کەناڵ8- سلێمانی
بەرگریی ئینسۆلین لە گرفتە باوەکانی ئەم سەردەمەیە، تێیدا جەستە وەڵامی نابێت بۆ فەرمانی ئینسۆلین کە بە جەستە دەڵێت شەکری ناو خوێن وەرگرە بۆ خانەکان و بیکە بە وزە!
وەڵامنەدانەوە بۆ فەرمانی ئینسۆلین، هەم ئاستی شەکر لە خوێندا بەرزدەکاتەوە و دەبێتەهۆی شەکرە، هەم ڕێگەش خۆشدەکات بۆ تووشبوون بە چەندین نەخۆشیی درێژخایەنی دڵ و بۆرییەکانی خوێن.
هۆکارەکانی بەرگریی ئینسۆلین
* تەمەن: تاوەکو تەمەن زیاتر بکات، جەستە کەمتر گوێ بە فەرمانی ئینسۆلین دەدات
* دابەزینی هۆرمۆنی ژنانە لە خانماندا: تەمەنی وەستانی سووڕی مانگانە دەبێتەهۆی دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجینی ژنانە و ئەوەش ڕێگەخۆش دەکات بۆ بەرگریی ئینسۆلین
* زۆربوون و کەڵەکەبوونی چەوری لە جەستەدا: چەوریی ورگ بە تایبەت ڕێگەخۆشکەرە بۆ بەرگریی ئینسۆلین
* شێوازی تەمبەڵانەی ژیان و کەمیی چالاکیی جەستەیی
ئەم نیشانانە لەبیر مەکە
هەندێک نیشانە هەن کە ئەگەر هەستیان پێ بکەیت، ڕەنگە نیشانەی ئەوە بن تۆ بەرگریی ئینسۆلینت هەیە:
* زیادبوونی چێوەی کەمەر و کەڵەکەبوونی چەوری لە سکدا
* دانەبەزینی کێش سەرەڕای جێبەجێکردنی ڕێجیم
* بێهێزی و بەردەوام هەستکردن بە ماندوویی
لێکەوتە مەترسیدارەکانی بۆ تەندروستی
بەرگریی ئینسۆلین ڕێگە خۆشدەکات بۆ تووشبوون بە چەندین گرفت و نەخۆشی، وەکوو:
* شەکرەی جۆری دوو
* نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان
* جەڵتەی مێشک
* هەندێک جۆری شێرپەنجە
* هەندێک گرفتی مێشک و دەمار، بە تایبەت ئاڵزهایمەر
چۆن بەرگریی ئینسۆلین دەستنیشان دەکرێت؟
ئەگەر لە برسییەتیدا ئاستی شەکری خوێن لە 100 زیاتر بوو، ئەوە ئاماژەی هەبوونی بەگریی ئینسۆلینە
چۆن بەرەنگاری بەرگریی ئینسۆلین ببینەوە؟
کۆمەڵەی شەکرەی ئەڵمانیا دەڵێت بۆ ئەوەی تووشی بەرگریی ئینسۆلین نەبین، یان کە تووشبووین ڕێگە لە مەترسییەکانی بگرین، ئەم گۆڕانکارییانەی شێوازی ژیان یارمەتیدەر دەبن:
- گۆڕینی نەریتی خۆراک:
* کەمکردنەوەی شەکر بە گشتی
* جێگاگرتنەوەی کاربۆهێدراتە سادەکانی وەکوو نانی سپی، مەعکەرۆنی و پەتاتە بە کاربۆهێدراتە ئاڵۆزەکانی وەکوو پاقلەمەنییەکان، سەوزە گەڵادارەکانی وەکوو سپێناخ و سەوزەکانی دیکەی وەکو برۆکلی و کەلەرم
* خواردنی بڕی مامناوەندی میوەکان: بە تایبەت ئەوانەی بە خێرایی شەکری خوێن بەرز ناکەنەوە، وەکوو: تووە جۆراوجۆرەکان، مزرەمەنییەکان، گێلاس، سندی، هەڵووژە و هاوشێوەکانیان
- وەرزش بکە بە نەریت: ڕؤڵێکی گرگی هەیە لە کەمکردنەوەی بەرگریی ئینسۆلین و دابەزاندنی ئاستی شکەری خوێن، هاوشان لەگەڵ سوودەکانی دیکەی بۆ تەندروستیی گشتیی جەستە و دەروون
01/02/2026