کشتوکاڵی سلێمانی: زیادەی بەرهەمی مریشک بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشوور دەنێردرێت

کێڵگەیەکی پەلەوەر، تایبەت بە بەخێوکردنی مریشک
کێڵگەیەکی پەلەوەر، تایبەت بە بەخێوکردنی مریشک

ماوەی 15 ڕۆژە پڕۆسەی ڕەوانەکردنی بەرهەمی هێلکەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەستیپێکردووە. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و وەزارەتی بازرگانیی عێراق جێبەجێ دەکرێت.

ڕەوانەکردنی 70%ـی بەرهەمی ڕۆژانەی هێلکە

جەمال حسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە کشتوکاڵی سلێمانی ڕایگەیاند، لە ئێستادا 70%ـی بەرهەمی ڕۆژانەی هێلکەی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی خوارووی عێراق دەکرێت و پڕۆسەکە بەبێ هیچ گرفتێک بەردەوامە. ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا ڕەوانەکردنی مریشک دەستیپێنەکردووە، چونکە ڕێکارەکانی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم ماوەتەوە.

مەرجەکانی هەناردەکردنی مریشک بۆ بەغداد

ڕزگار حەمەخدر، ڕاوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، چەند مەرج و ڕێنماییەک بۆ ڕەوانەکردنی مریشک دەرکراون. مەرجی سەرەکی ئەوەیە تەنیا زیادەی بەرهەمی ڕۆژانە دەنێردرێت، تاوەکو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا کەمیی بەرهەم و هەڵاوسانی نرخ دروست نەبێت. هەروەها جەختی کردەوە کە نووسراوی فەرمییان بۆ وەزارەتی بازرگانیی عێراق کردووە و لە زووترین کاتدا پڕۆسەکە دەستپێدەکات.

ئامارەکانی بەرهەمهێنان و خۆبژێوی

داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ نیشانی دەدەن کە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی بە ڕێژەی 150%. ساڵانە لە هەرێم زیاتر لە 300,000 تۆن مریشک بەرهەمدەهێنرێت، لەکاتێکدا خواستی ناوخۆ تەنیا 147,000 تۆنە. سەبارەت بە هێلکەش، ساڵانە 8,640,000 کارتۆن بەرهەمدەهێنرێت، لە کاتێکدا پێویستیی ناوخۆ تەنیا 4,680,000 کارتۆنە.

قەدەغەی هاوردەکردن لە 39 وڵاتەوە

ئەم هەوڵانەی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی عێراق لە کاتێکدایە، کە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی مریشک و بەرهەمەکانی لە 39 وڵاتی جیاوازەوە داوە. ئەم بڕیارە دەرفەتێکی گەورە بۆ کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت تاوەکو بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکانی عێراقدا ساغ بکەنەوە.