بەم رێگەیانە خێراتر چاوت دەچێتە خەو

پیویستە ژووری خەوتن تاریک بێت
پیویستە ژووری خەوتن تاریک بێت

ماندوویت، زووزوو باوێشک دەدەیت، بەپەلەی کاتی خەو بێت و بخەویت، بەڵام کاتێک سەرت دەخەیتە سەر سەرینەکە، دەیان بیری جۆراوجۆر دێنە ناو مێشکت و خەوت لێ ناکەوێت. ئەوە کێشەی زۆرێک لە خەڵکییە. چەند رێگەیەک هەن یارمەتیت دەدەن لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە

هەناسەدانی قوڵ

دەمێکە دەزانرێت هەناسەدانی قوڵ، جەستە و دەروون ئارامدەکاتەوە. لەم چەند ساڵەی دواییدا، ئەمە بە زانستیش سەلمێنراوە. هەناسەدانی قوڵ دەبێتەهۆی خاوبوونەوەی لێدانی دڵ، کەمکردنەوەی فشاری خوێن و چالاککردنی سیستەمێک لە جەستەدا کە بەرپرسە لە پشوودان. زۆرترین کاریگەریی ئەم تەکنیکە کاتێک دەردەکەوێت کە کەسەکە سەرنجی دەخاتە سەر هەناسەدانی.

چەند تەکنیکێکی جیاواز هەن بۆ هەناسەدانی قوڵ، بۆنموونە دەتوانیت تەکنیکی 8-2-4 بەکاربهێنیت. کاتێک دەڕۆیتە سەر جێگە، چاوت دابخە، بەهێواشی هەناسەیەکی قوڵ و درێژ هەڵبمژە، لە کاتی هەناسەهەڵمژینەکەدا، لە مێشکی خۆتدا تاوەکو ژمارە هەشت بژمێرە. دواتر هەناسەت رابگرە تاوەکو ژمارە دوو، ئینجا تاوەکو ژمارە چوار هەناسە بدەرەوە.

مێدیتەیشن

لە چەند هەزار ساڵێکەوە لەمەوبەر، ئەم چالاکییە پەیڕەودەکرێت لەلایەن خەڵکی وڵاتە جیاوازەکانەوە، بەتایبەت لە وڵاتانی وەکو هیندستان و چین. لە سەدەی رابردوودا، کاتێک توێژەرە رۆژئاواییەکان روودەکەنە ئەو وڵاتانە، دەستدەکەن بە توێژینەوە لەسەر کاریگەرییەکانی مێدیتەیشن، بۆیان دەردەکەوێت ئەم چالاکییە سوودی هەیە لە چارەسەری خەمۆکی، ئازار و ئالوودەبوون، سەرنج زیاددەکات و مێشک ئارامدەکاتەوە.

سوودی مێدیتەیشن بۆ ئارامکردنەوەی مێشك، یارمەتیی کەسەکە دەدات خێراتر خەوی لێبکەوێت.

وێناکردن

وێناکردنی هەندێک دیمەنی ئارام، یارمەتیی مێشک دەدات لەو کاتەدا چالاکیی کەمببێتەوە، ئەمەش وادەکات کەسەکە خێراتر خەوی لێ بکەوێت.

دیمەنی جێگەیەکی هێمن بێنە بەرچاوت، خەیاڵی رەنگ، دەنگ، بۆن و هەوای شوێنەکە بکە. بۆنموونە، خەیاڵ بکە لە کەناردەریایەکی، گوێت لە دەنگی شەپۆلەکان و دەنگی با دەبێت، چۆلەکەکان بەسەر دارەکانەوە دەجریوێنن. هەتاو لە پێستت دەدات و هەست بە گەرمییەکەی دەکەیت، شنەبایەکە هەستێکی خۆش لەسەر پێستت دروستدەکات.

بە ریز پشوودان بە ماسولکەکان

زۆرجار ماسولکەکانت زۆر ماندوون و پێویستیان بە ئارامکردنەوەیە. زانکۆی میشیگن لە ئەمریکا، پێشنیاری تەکنیکێک دەکات کە یارمەتیی پشوودان دەدات بە ماسولکەکان.

تەکنیکەکە بەجۆرێکە کە سەرەتا، لە سەر یان پێیەکانتەوە دەستپێدەکەیت، بۆ ماوەی دە چرکە ماسولکەکانی ئەو ناوچەیە توند و گرژ دەکەیت، لەگەڵیدا هەناسەیەکی قوڵ هەڵدەمژیت. دواتر، هەناسەدەدەیتەوە، یەکسەر لەگەڵیدا و بەخێرایی ماسولکەکانت خاودەکەیتەوە. دوای ئەوە، هەمان کار بۆ ماسولکەکانی تەنیشتی دەکەیت، تاوەکو هەموو جەستەت دەگرێتەوە.