بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە: عێراق لە بەرهەمهێنانی ئاردی سفر گەیشتە خۆبژێوی

کۆگایەکی ئارد
کۆگایەکی ئارد

حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە ڕایگەیاند، عێراق بە فەرمی گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی ئاردی سفر. لە ئێستادا نانەواخانە و سەموونخانەکانی عێراق 100% پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی دەبەستن، کە لە ڕێگەی 43 ئاشی مۆدێرن لە سەرتاسەری وڵاتدا بەرهەمدەهێنرێت و لە بازاڕەکاندا دابەش دەکرێت.

گەڕانەوەی 2.5 ملیار دۆلار بۆ خەزێنەی دەوڵەت

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاشکرای کردووە، گەیشتن بەم ئاستە بووەتە هۆی گەڕاندنەوەی 2.5 ملیار دۆلار بۆ خەزێنەی نیشتمانی. پێشتر ئەم بڕە پارەیە ساڵانە بۆ کڕینی نزیکەی 2 ملیۆن تۆن ئاردی سفر بۆ دەرەوەی وڵات دەچوو، بەڵام ئێستا ئەو پێداویستییە لە ناوخۆدا دابین دەکرێت.

گۆڕانکاریی ستراتیجی لە پیشەسازیی خۆراک

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە ئاماژەی بەوە کرد، سەرکەوتنی عێراق لە جێگیرکردنی پیشەسازیی ئارد، هەنگاوێکی ستراتیجییە بۆ گۆڕینی وڵات لە دەوڵەتێکی بەکاربەرەوە بۆ دەوڵەتێکی بەرهەمهێن. ئەم هەنگاوە جگە لە پاراستنی دراوی بیانی، ڕۆڵێکی گەورە لە گەشەپێدانی کەرتی پیشەسازی و خۆراک لە عێراقدا دەگێڕێت.