دادگا بڕیارى کۆتایى لەبارەى دۆسییەى جووتیارە کوردەکەوە دەدات
ئەمڕۆ لە دادگای دووبز، دانیشتن بۆ دوو سکاڵای سەر نوێنەری جووتیارانی کورد لە کەرکووک و سنووری سەرگەڕان دەکرێت و بڕیارە دادگا بڕیاری کۆتایی لەبارەی سکاڵاکانەوە بدات.
محەممەد ئەمین دەچێتە دادگای دووبز
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کورد دەچێتە دادگای دووبز بۆ ئامادەبوون لە دوا دانیشتنی دادگا بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو دوو سکاڵایەی لەسەری تۆمارکراوە، یەکێکیان لەلایەن ئەو سەربازەوە تۆمارکراوە کە لەکاتی ئاڵۆزییەکانی مانگی شوباتی ساڵی 2025 لە گوندی شەناغە لە شارەدێى سەرگەڕان ویستی بە ملپێچەی ملی ئازاری بدات و ناوی سەربازەکە کەڕاڕ شاکرە.
دادوەر بڕیاری کۆتایی دەدات
سکاڵای دووەم لەلایەن فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی عێراقەوە لە ڕێگەی لیژنەی یاساییەوە لەسەر جووتیارەکە جووڵێنراوە. محەممەد ئەمین بە کەناڵ8ـی گوت "بڕیارە ئەمڕۆ لە هەردوو سکاڵاکە دوا دانیشتن بێت و دادوەر بڕیاری کۆتایی بدات".
تاوەکو ئێستا 10 دانیشتن کراوە
ئەو سکاڵایانەی سەر نوێنەری جووتیارانی کوردی سنووری سەرگەڕان تاوەکو ئێستا 10 دانیشتنی لەسەر کراوە، ئەو سەربازەی سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە ئامادەی هیچ کام لە دانیشتنەکان نەبووە و دادبینییەکە لەسەر داواکاریى سکاڵاکارەکان دواخراوە، بەگوتەی محەممەد ئەمین بۆیە دانیشتنەکان دوادەخرێت چونکە بەڵگەکانیان لاوازن.
سکاڵاکان بۆ هەراسانکردنی جووتیارە کوردەکانە
پێشتر نوێنەری جووتیارانی کورد لە سەرگەڕان ڕایگەیاندبوو، ئامانج لەو سکاڵایانەی کە عەرەبە هاوردەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان تۆماری دەکەن، بریتییە لە هەراسانکردنی جووتیارە کوردەکان، تاوەکو ناچار بن دەستبەرداری زەوی و گوندەکانیان ببن و ناوچەکە دووبارە تەعریب بکرێتەوە.
02/02/2026