ئوردن: ڕێگەنادەین خاکەکەمان بۆ هێرشکردنەسەر ئێران بەکاربهێنرێت

پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان وەزیری دەرەوەی ئوردن و ئێران
پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان وەزیری دەرەوەی ئوردن و ئێران

وەزیرى دەرەوەی ئوردن ڕایگەیاند، وڵاتەکەی نابێتە گۆڕەپانی جەنگ و ململانێ هەریمایەتییەکان و دەروازەیەک بۆ هێرشکردنەسەر ئێران.

پەیوەندی تەلەفۆنی وەزیرانی دەرەوە

ئەیمەن سەفدی، وەزیرى دەرەوەی ئوردن و عەباس عێراقچی، وەزیرى دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و گفتوگۆیان لەسەر دۆخی ناوچەکە کرد.

پەیڕەوکردنی دیپلۆماسییەت

سەفدی ڕایگەیاندووە، پێویستە دیپلۆماسییەت پەیڕەو بکرێت لە دۆسییەی ئەتۆمی ئێران و پاڵپشتی لە کەمکردنەوەی ململانییەکان و هێورکردنەوەی دۆخەکە بکرێت.

ڕێگە نادرێت بۆ بەکارهێنانی کایەی ئاسمانی ئوردن

وەزیرى دەرەوەی ئوردن جەختیلەوەکردووەتەوە، وڵاتەکەی نابێتە گۆڕەپانی جەنگ لە هیچ ململانێیەکی هەرێمایەتی و دەروازەیەک بۆ کاری سەربازی دژی ئێران و ڕێگە نادەن بە هیچ لایەنێک کایەی ئاسمانی وڵاتەکەیان ببەزێنێت.

ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ئوردن لەکاتێکدایە، ماوەی چەند هەفتەیەکە گرژییەکانی تاران و واشنتن گەیشتووەتە لوتکە و هەڕەشەی هێرشکردن و وەڵامدانەوە لە یەکتر دەکەن.