دانا عەبدولکەریم: لەم کابینەیەدا 1 تریلیۆن دینارمان بۆ پڕۆژەکان خەرجکردووە
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا و سەرەڕای بوونی قەیرانەکان، وەزارەتەکەیان توانیویەتی 700 پڕۆژەی جیاواز جێبەجێ بکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە گوژمەی تەرخانکراو بۆ ئەم پڕۆژانە گەیشتووەتە زیاتر لە 1 تریلیۆن دینار.
دروستکردنی 2,600 کیلۆمەتر ڕێگای نوێ
وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماری کارەکانی وەزارەتەکەی خستەڕوو و ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا 2,600 کیلۆمەتر ڕێگای نوێ دروستکراوە. لەو ڕێژەیەش، 300 کیلۆمەتری تایبەت بووە بە ڕێگای دووسایدی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، کە وەک دەستکەوتێکی ستراتیژی و گرنگ بۆ وەزارەت و حکومەت وەسفی کرد.
دابەشکردنی بڕوانامە بەسەر ئەندازیارانی دهۆک
ئەم لێدوانانەی دانا عەبدولکەریم لە میانی ڕێوڕەسمێکدا بوو لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕێگاوبانی دهۆک. لەو چالاکییەدا وەزیری ئاوەدانکردنەوە بڕوانامەی بەسەر 78 ئەندازیار و بەشداربووی خولەکاندا دابەش کرد و دەستخۆشی لە کارمەندانی وەزارەتەکەی کرد بۆ بەردەوامبوونیان لە خزمەتگوزارییەکان.
04/02/2026