پسپۆڕێک: زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجە کلیلی زوو چارەسەرکردنیەتی
کەناڵ8- سلێمانی
پزیشکێکی پسپۆڕ دەڵێت پێویست ناکات خەڵک لە شێرپەنجە بترسن، بەڵکو گرنگە ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن و زوو بەدەم پشکنینەکانەوە بچین.
د. ڕۆژگار ڕەشید، پزیشکی پسپۆڕی شێرپەنجە، دەڵێت هێشتا خەڵک وەکو جاران بیر لە شێرپەنجە دەکەنەوە کە چارەسەر و پشکنین پێشکەوتوو نەبوو "خەڵک هەیە ئێستاش ناوێرێ ناوی شێرپەنجەش بهێنێ کە باسی دەکات، لەکاتێکدا ئێستا وەکو جاران نییە و پێشکەوتنی باش بەدی هاتووە لە چارەسەری شێرپەنجەدا". پسپۆرەکە دەڵێت ترسان لە شێرپەنجە بەهۆی کەمیی هۆشیارییەوەیە و وەکو ئەو دەڵێت "ئێستا لای ئێمە شێرپەنجە نەخۆشییەکە و چاک دەبێتەوە، بە تایبەت ئەگەر زوو دەستنیشان بکرێت".
پزیشکێکی دیکەش پشکنینی پێشوەختە، بە ڕێگەی سەرەکیی زوو دەستنیشانکردن و دواجار چارەسەری ئەم نەخۆشییە دەبینێت.
د. گۆڤار عوسمان، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن، لە لێدوانێکدا بۆ دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 دەڵێت "نیشانەکانی شێرپەنجە تایبەتمەند نین و ئاسان نییە بە نیشانەدا زوو بناسرێنەوە، چونکە هەمان ئەو نیشانانە لە چەندین نەخۆشیی دیکەشدا هەن، بۆیە ڕێگەی دروست ئەوەیە پشکنینی پێشوەخت بکرێت بەپێی ڕینمایی زانستی، بۆ نموونە مەمۆگرافی بۆ خانمان، پشکنینی پڕۆستات بۆ پیاوان، هەناوبینیی کۆڵۆن بۆ زوو ناسینەوەی شێرپەنجەی کۆڵۆن".
د. بەمۆ نەقشبەندی، بەڕێوەبەری سەنتەری ژیانەوە تایبەت بە چارەسەری شێرپەنجە بە تیشک، ڕەوشی شێرپەنجە لە کوردستان بە خراپ نابینێت "ڕێژەی تووشبوو نە شێرپەنجە لە کوردستان زیادی نەکردووە، چارەسەرەکانیشمان لە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوودان".
ئەو سەنتەرەی د. بەمۆ بەڕێوەبەریەتی، بە توێژینەوەی زانستی سەلماندوویانە چاکبوونەوە لە شێرپەنجە لە کوردستان لە وڵاتانی دراوسێ باشترە و هاوتای وڵاتانی پێشکەوتووە.
04/02/2026