دابەزینی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان؛ ئۆنسەیەک زێڕ 100 دۆلارى لەدەستدا
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕە جیهانییەکاندا بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی و زیاتر لە 100 دۆلاری لەدەستدا، بەجۆرێک بە چوار هەزار و 870 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەیانیی ئەمڕۆ نرخەکە بۆ ئاستی 4815 دۆلار دابەزیبوو، لە کاتێکدا ئێوارەی دوێنێ ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتبووە 5087 دۆلار.
هەڵوێستی بانکی ناوەندیی ئەمریکا و سوودی بانکی
دابەزینی نرخی زێڕ پاش ئەوەهات بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەی بە وریایی دا لە پرسی کەمکردنەوەی سوودی بانکی، ئەمەش وەبەرهێنەرانی هان دا دەست بە فرۆشتنی زێڕەکانیان بکەن. لیسا کووک، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگارانی بانکی ناوەندی ڕایگەیاند، پشتگیری لە کەمکردنەوەی زیاتری ڕێژەی سوود ناکات، چونکە مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە پێشینەی کارەکاندایە، تەنانەت ئەگەر ئاماژەکانی خاوبوونەوە لە بازاڕی کاردا هەبن.
کاریگەریی کاندیدکردنی کێڤن وارش
بڕیاری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاندیدکردنی کێڤن وارش وەک سەرۆکی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕەکان دروستکردووە. وارش بەوە ناسراوە کە لە سیاسەتی دارایی دا "سەختگیر"ـە، ئەمەش وایکردووە بازاڕەکان پێشبینی بکەن پڕۆسەی کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود خاو ببێتەوە. لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندووە، ئەگەر وارش لایەنگری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بووایە، کاندیدی نەدەکرد.
گرژییە سیاسییەکان و گفتوگۆکانی عومان
لەسەر ئاستی سیاسی، بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران دڵەڕاوکێی لای وەبەرهێنەران دروستکردووە. هەرچەندە بڕیارە ڕۆژی هەینی گەڕێکی نوێی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لە وڵاتی عومان دەستپێبکات، بەڵام هێشتا ئەمریکا ئەگەری هێرشی سەربازی بەدوور نەزانیوە، ئەمەش وایکردووە بازاڕەکان لە دۆخێکی ناسەقامگێردا بمێننەوە.
05/02/2026