ئەردۆغان: ئامانجمانە قەبارەی بازرگانی لەگەڵ میسر بگەیەنینە 15 ملیار دۆلار
پاش کۆتاییهاتنی سەردانەکەی بۆ سعودیە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە قاهیرە و لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر کۆبووەوە. لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا، ئەنجوومەنی باڵای ستراتیژیی هاوبەشی هەردوو وڵات بە سەرۆکایەتیی هەردوو سەرۆککۆمار کۆبوونەوە و تێیدا حەوت ڕێککەوتننامەیان لە بوارەکانی هاریکاریی ستراتیژی، سەربازی، پزیشکی، ڤێتێرنەری، بازرگانی و کۆمەڵایەتی واژۆکرد.
پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا، ئەردۆغان ڕایگەیاند، میسر گەورەترین هاوبەشی بازرگانی تورکیایە لە کیشوەری ئەفریقا. ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی 3 ساڵی ڕابردوودا قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات لە نێوان هەشت بۆ نۆ ملیار دۆلار بووە، بەڵام پلانیان وایە لە قۆناغی داهاتوودا ئەم بڕە پەرەی پێبدرێت و بگەیەنرێتە 15 ملیار دۆلار.
هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر پرسە ناوچەییەکان
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو سەرۆککۆمار تاوتوێی دۆخی غەززە، سووریا و ئێرانیان کرد. ئەردۆغان سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران جەختی لەوە کردەوە کە باشترین ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان پەنابردنە بۆ ڕێگەچارەی دیپلۆماسی. هاوکات سەبارەت بە دۆخی سووریا، سەرۆککۆماری تورکیا پشتیوانی بەهێزی وڵاتەکەی بۆ ئەو وڵاتە دووپاتکردەوە و ئاماژەی بە بەردەوامی هەوڵەکانیان لەو چوارچێوەیەدا کرد.
05/02/2026