خانمانی دووگیان ئاگاداری ئەم جۆرە شیرە بن؛ دەکرێت ببێتەهۆی لەبارچوون
لە نیو مەکسیکۆ، منداڵێکی تازەلەدایکبوو بەهۆی هەوکردنی لیستریۆسسەوە گیانی لەدەستدا، پزیشکانیش دەڵێن هۆکارەکەی خواردنەوەی شیری نەکوڵێنراو بووە لەلایەن دایکی کۆرپەکەوە.
هەوکردنی لیستریۆسس، جۆرە هەوکردنێکە بەهۆی بەکتریای لیستیریا مۆنۆسایتۆجینەوە دروستدەبێت، ئەم بەکتریایە لە گۆشتی کاڵ، شیر و ئەو بەرهەمە شیرەمەنییانەی کە ناکوڵێنرێن(پاستورایز ناکرێن)، ئاو و خۆڵدا هەیە.
شیری کاڵ چەندین میکرۆبی تێدایە، لەوانەش لیستیریا کە بەکتریایەکە دەبێتەهۆی لەبارچوون، لەدایکبوونی پێشوەختە، گیانلەدەستدانی منداڵی تازەلەدایکبوو، تەنانەت ئەگەر دایکەکە نەخۆشییەکەی بە توندی نەگرتبێت.
لەم حاڵەتەی نیو مەکسیکۆدا، دایکەکە لەکاتی دووگیانیدا شیری کاڵی خواردووەتەوە و تووشی هەوکردنی لیستریۆسس بووە، لیستریا یەکێکە لەو هەوکردنە کەمانەی کە لەڕێگەی وێڵاشەوە دەگوازرێتەوە بۆ کۆرپەلە، هەربۆیە لەپاش لەدایکبوونی منداڵەکەیەوە، پاش ماوەیەکی کەم بەهۆی هەوکردنی توندەوە کۆرپەکە گیانیلەدەستدا.
بە گشتی ئەم هەوکردنە زیاتر ڕووبەڕووی خانمانی دووگیان، منداڵان، کەسانی بەساڵاچوو و ئەو کەسانەی بەهۆی نەخۆشییەوە سیستمی بەرگرییان لاوازە دەبێتەوە.
تەنانەت ئەگەر منداڵەکە بە زیندووییش بمێنێتەوە، لەوانەیە تووشی ئیفلیجبوون، گەشکە، لاوازیی هزر، گرفتی مێشک، کوێربوون و گرفتەکانی دڵ ببێت.
بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە کەسانی تەندروست دەتوانن ئەم جۆرە شیرە بخۆنەوە، چونکە ئەوانیش لەگەڵ ئەوەی مەترسییەکەیان کەمە، بەڵام تووشدەبن، یان دەکرێت هەر لەڕێگەی شیری کاڵەوە تووشی هەوکردنەکانی سالمۆنێلا، ئیکۆلای و بروسێلا و چەندین جۆری دیکەی هەوکردن ببن.
05/02/2026