بڕی یەدەگی زێڕی عێراق گەیشتە 174 تۆن

بەگوێرەی دواین داتای ئەنجوومەنی زێڕی جیهانی، لە مانگی شوبات دا بڕی یەدەگی زێڕی عێراق گەیشتووەتە 174.6 تۆن، لە کاتێکدا بڕی یەدەگەکە لە مانگی ڕابردوو 170.9 تۆن بووە، بەمەش عێراق لە نێو ڕیزبەندی وڵاتانی عەرەبی بۆ زۆرترین بڕی یەدەگی زێڕ لە پلەی چوارەمەوە گەیشتووەتە پلەی سێیەم و پێش جەزائیر کەوتووە.

عێراق لە پلەى سێیەمى وڵاتانى عەرەبییە

زیادبوونی یەدەگی زێڕی عێراق لە نێو ڕیزبەندی وڵاتانی عەرەبیدا لە ڕیزبەندی چوارەم پێشیخستووە بۆ پلەی سێیەم و پێش وڵاتی جەزائیر کەوتووە، بەجۆرێک سعودیە خاوەنی زۆرترین یەدەگی زێڕە لە نێو وڵاتانی عەرەبی کە خاوەندارێتی 323 تۆن لە زێڕ دەکات، بەدوایدا لوبنان بە پلەی دووەم دێت کە خاوەنی 286 تۆن لە زێڕە پاشان عێراق دێت کە بووەتە خاوەنی زیاتر لە 174 تۆن زێڕ بەدوایدا جەزائیر دێت، کە خاوەنی 170 تۆن لە زێڕە.

عێراق لە 2025 زۆرترین زێڕى کڕیوە

عێراق لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردووە دەستی بە کڕینی زێر کردووە، کە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ، بە جۆرێک لە مانگی ئازار یەک تۆن، لە مانگی حوزەیران 1.6تۆن، لە مانگی تەمووزدا 3.1 تۆن، لە مانگی ئابدا 2.5 تۆن لە مانگی تشرینی یەکەمدا 3.8 تۆن و لە یەکەم مانگی ئەمساڵیشدا 3.7 تۆن لە زێڕی کڕیوە.

ئەمریکا لە پلەى یەکەمى جیهاندایە

لە نێو ڕیزبەندی وڵاتاندا ئەمریکا پێشەنگە بە بوونی زۆرترین یەدەگی زێڕ، بڕەکەی هەشت هەزار و 133 تۆنە، بەدوایدا ئەڵمانیا دووەم وڵاتە، خاوەنی سێ هەزار و 350 تۆنە، ئیتاڵیا خاوەنی دوو هەزار و 451 تۆنە، فەڕەنسا دوو هەزار و 437 تۆنی هەیە و ڕووسیاش خاوەنی دوو هەزار و 326 تۆنە.

بانکە ناوەندییەکان هۆکارى بەرزى نرخى زێڕن

بانکە ناوەندییەکان لە سەرانسەری جیهاندا بزوێنەری سەرەکی زیادکردنی خواستن لەسەر زێڕ و هۆکاری سەرەکین بۆ بەرزکردنەوەی نرخەکان.