هاریس سۆشیال میدیاکانی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن کاراکردەوە ترەمپیش داواى گۆڕینى یاساى هەڵبژاردن دەکات

کامالا هاریس، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا
کامالا هاریس، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا

کامالا هاریس، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا، هەژمارەکانی سۆشیال میدیای خۆی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کاراکردەوە، بەمەش باس و بخواسی ئەگەری دووبارە خۆکاندیدکردنەوەی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا سەریهەڵدایەوە، لەکاتێکدا دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کرد و هۆشداریدا کە ئەگەر چاکسازی لە سیستمی هەڵبژاردنەکاندا نەکرێت، وڵاتێک بە ناوی ئەمریکاوە نامێنێتەوە.

جموجوڵەکانی بانگەشە بەدەرکەوتوون

لە کاتێکدا زیاتر لە دوو ساڵ ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، کە بڕیارە ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی 2028 بەڕێوەبچێت، لە ئێستاوە جموجوڵەکانی بانگەشە بەدەرکەوتوون، کامالا هاریس، کە بەربژێری دیموکراتەکان بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2024دا بە دۆناڵد ترەمپ دۆڕا، هەژمارەکانی ئێکس و تیک تۆکی خۆی کارا کردووەتەوە و هەوڵ بۆ ڕاکێشانی گەنجەکان دەدات.

دەربارەی کاراکردنەوەی هەژمارەکەی، هاریسی تەمەن 61 ساڵ دەڵێت مەبەستی ئەوەیە زانیاری بدات بە گەنجانی ئەمریکا و "سەرکردە ئازاکانی" وڵاتەکەیان پێ بناسێنێت.

پێشەنگى بەربژێرانى دیموکراتەکانە

ئەمەش لە کاتێکدایە چەندین ڕاپرسی دەریانخستووە کە هاریس لە پێشەنگی لیستی بەربژێرەکانی دیموکراتەکاندایە بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2028 و پێش گاوین نیوزۆم، حاکمی کالیفۆرنیا و کەسانی دیکەش کەوتووە.

ترەمپ کەوتە هێرشکردنە سەرى

ڕاستەوخۆ دوای کاراکردنەوەی هەژمارەکەی ئیدارەکەی ترەمپ دەستبەجێ هێرشی کردە سەر هاریس، ئەبیگایل جاکسۆن، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە تۆڕی ئێکس گاڵتەی پێ کرد و گوتی "جارێکی دیکە دیموکراتەکان پێویستیان بە دەرکەوتنەوەی کامالا و ئازاردانی زیاتری ئەمریکییەکانە".

لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بانگەشەی ئەوەی کرد، هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ساختەکاری و دزراون و بوون بەمایەی پێکەنین بۆ جیهان.

ترەمپ داوای گۆڕانکاری لە سیستمی هەڵبژاردن دەکات

ترامپ داوای لە کۆمارییەکان کرد یەکبگرن لە هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە سیستمی هەڵبژاردنەکان و ڕێوشوێنی نوێی بۆ سیستمی هەڵبژاردن لە ژێر ناوی "یاسای ڕزگارکردنی ئەمریکا" خستەڕوو، کە بریتین لە پێشکەشکردنی ناسنامەی دەنگدەران، تەنیا خاوەن ڕەگەزنامەی ئەمریکی بتوانێت دەنگ بدات و دەنگدانی پێشوەختە لە ڕێگای پۆستەوە هەڵبوەشێتەوە، جگە لە حاڵەتەکانی نەخۆشی، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، خزمەتکردنی سەربازی و گەشتکردن.