وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ کەناڵ8: بەنزینى پێویست بۆ بەکارهێنانى هاوڵاتیان فەراهەم کراوە
گوتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق، ڕەتیکردەوە هیچ قەیرانێکى بەنزین بوونى هەبێت و دڵنیایى دایە هاوڵاتیان کە "بەنزینى پێویست بۆ بەکارهێنانى ڕۆژانە فەراهەم کراوە".
دڵنیایی لە نەبوونى قەیرانى سووتەمەنى
عەبدولساحب بەزون حەسناوى، گوتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق، بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند "لە هەندێک دەزگاى میدیایى دەنگۆى ئەوە بڵاوکرایەوە، گوایە گرفت و کێشەى کەمى بەنزین هەیە، دڵنیایى دەدەین بە هاوڵاتیان کە هیچ قەیرانێکى بەنزین بوونى نییە".
تێکڕاى ڕۆژانە 30 ملیۆن لیترە
گوتیشى "تێکڕای بەرهەمهێنانی ڕۆژانە 30 ملیۆن لیترە، لە کاتێکدا تێکڕای بەکاربردن کەمێک زیادی کردووە و گەیشتووەتە 33 ملیۆن و نیو، ئەوەش بەهۆی پشووەکان و هاتنە دەرەوەی خەڵک لە کاتێکی هاوشێوەدا و هەبوونی ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل کە ڕۆژانە دێنە سەر شەقامەکان".
بڕ و نرخ وەک خۆیەتى
گوتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق، ئاماژەى بەوەشکرد "بەنزینى پێویست بۆ بەکارهێنانى هاوڵاتیان فەراهەم کراوە و نرخەکەشى هەروەکو خۆیەتى و هیچ گۆڕانکارییەکى بەسەردا نەهاتووە و بەرهەمهێنان لە ڕۆژانی داهاتوودا لە پاڵاوگەکانی بەسرە جێگیر دەبێت".
جۆرى موحەسەن زیاد دەکرێت
پیشبینى ئەوەشى کرد "بەرهەمهێنانی بەنزینی موحەسەن بەگوێرەى داتا فەرمییە پەسەندکراوەکانی ئەم مانگە، بگاتە 4 ملیۆن لیتر".
حەسناوى جەختى لەسەر ئەوە کردەوە "نەک هەر بەنزین بەڵکو سەرجەمى جۆرەکانى سوتەمەنى تەواوەتى بۆ هاوڵاتیان فەراهەم کراوە و هیچ کێشەیەک بوونى نییە".
07/02/2026