کورد دەیەوێت لیژنەى ماددەى 140 لە ئەنجوومەنی نوێنەران کارا بکرێتەوە
لیژنەى ماددەى 140 لە ئەنجوومەنى نوێنەران لیژنەیەکى کاتییە، بەڵام بایەخێکى زۆرى هەیەو فراکسیۆنى یەکێتى دەیەوێت لەم خولەشدا پێکبهێنرێتەوە. لیژنەکە چاودێریى کارەکانى لیژنە حکومییەکەى ماددەی 140 دەکات، کە سەر بەئەمیندارێتى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقە و هادى عامرى سەرۆکایەتی دەکات.
50 واژۆی پێویستە
دیلان غەفور، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکێتى بە کەناڵ8ـى گوت "کار بۆ پێکهێنان و کۆکردنەوەى واژۆ بۆ پێکهێنانى لیژنەکە دەکەم، بۆ ئەوەش پێویستم بە 50 واژۆى پەرلەمانتار هەیە". دیلان غەفور ڕوونیکردەوە، بە پێچەوانەى لیژنە هەمیشەییەکان، لیژنەى ماددەى 140 سەرۆک و جێگرى نییە و لە چەند ئەندامێکى ئەنجوومەنەکە پێکدێت و بەشێک لە ئەندامەکانیشى کورد دەبن.
میکانیزمی یەکلاکەرەوە
لە دەستوورى هەمیشەیی عێراق کە لە ساڵى 2005 دەنگى لەسەدرا، لە ماددەى 140دا میکانیزمى یەکلاکردنەوەى چارەنووسى ئەو ناوچانەى لە سەردەمى دەسەڵاتى بەعس و لە 1968 ـەوە تاوەکو 2003 ڕووبەڕووى سیاسەتى تەعریب و گۆڕینى دیمۆگرافى بوونەتەوە دیاریکران.
ماددەی 140 لە سێ قۆناغ پێکهاتووە بەمشێوەیە؛
قۆناغی یەکەم: ئاساییکردنەوە؛ واتە چارەسەرکردنى ئەو گۆڕانکارییانەى بەسەر پێکهاتەى دانیشتووانى کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان هاتووە لە سەردەمى بەعس و دواتردا.
قۆناغى دووەم: سەرژمێریی دانیشتووان لە ناوچە دابڕێنراوەکان.
قۆناغى سێیەم: ئەنجامدانى راپرسى و وەرگرتنى ڕاى دانیشتووان.
لەسەردەمی سوودانی دا لیژنەکە کاراکرایەوە
هەرچەندە لە دەستووردا 31ـى کانوونى یەکەمى 2007 بۆ جێبەجێکردنى ماددەکە دیاریکرابوو، بەڵام بەهۆى ئاستەنگى حکومەتە یەکلەدوایەکەکان، گۆڕانکارییە ئەمنى و سیاسییەکان بەتایبەت شەڕى داعش و لێکەوتەکانى ڕیفراندۆم، کارەکانى لیژنەى ماددەى 140 لە ساڵى 2014 تاوەکو 2022 راگیران و لە کابینەى محەممەد شیاع سودانى جارێکى دیکە لیژنەکە کاراکرایەوە و هادى عامرى کرایە سەرۆکى لیژنە حکومییەکە.
قەرەبووکردنەوەى ماددەى 140 لەسەدا 7%ـى تێنەپەڕاندووە
لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکو ئێستا کەمترین بڕگەى جێبەجێکراوە، وەک فەهمى بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پێشتر بە کەناڵ8ـى راگەیاند، قەرەبووکردنەوەى ماددەى 140 لەسەدا 7%ـى تێنەپەڕاندووە و لە 2023ـەوە بەغداد تەنیا بڕى 200 ملیار دینارى بۆ قەرەبووکردنەوە تەرخانکردووە.
09/02/2026